ئەمریکا بۆ جاری دووەم لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆردومانی داعشی کرد

ئەمریکا بۆ جاری دووەم لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆردومانی داعشی کرد
بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند دوێنێ شەممە بۆ جاری دووەم فڕۆکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاستەوە هێرشی ئاسمانیان لە دژی چەکدارانی داعش لە سوریا ئەنجامداوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرپرسەکەی هێزی دەریایی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ڕایگەیاندووە فڕۆکە سەربازیەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕابردوو بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی فڕۆکەهەڵگری " USS harry s Truman"ەوە لە دەریای ناوەڕاست، باڵەخانەیەکی سوریایان کردووەتە ئامانج و سێ جار هێرشی ئاسمانیان لە ئەشکەوتێک ئەنجامداوە.

وتیشی هێرشە ئاسمانیەکانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئامانجی گرنگی نەپێکاوە بەڵام پێویستە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێوەی چڕتر هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدرێت.

بەرپرسەکە ڕاشیگەیاند، فڕۆکەکانی فڕۆکەهەڵگرەکەی دەریای ناوەڕاست هیچ هێرشێکی ئاسمانیان لە دژی چەکدارانی داعش لە عێراق ئەنجامنەداوە.

هاوکات کاربەدەستانی هێزی دەریاوانی ئەمەریکی ئەوەیان ڕاگەیاندووە ئەو هێرشە سەلماندوویەتی کە کەشتییەکە دەتوانێت بە ئەرکە سەربازییەکانی هەڵبستێت ئەگەریش لە جوڵەدا بێت.

هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا دژی داعش لە کاتێکدایە سوپای سوریا لە شاری ڕەقە لە پێشرەویدایە و هێزەکانی یەپەگەش لە شاری مەنبەج کە نزیکە لە سنوری تورکیاوە لە دژی چەکدارانی داعش لە پێشڕەویدان.

کەشتی فڕۆکە هەڵگری "USS Harry S Truman" و چەند کەشتیەکی دیکەی بچوک پـێشـتر لە نێو هێزی پـێـنجەمی دەریایی ئەمەریکا کە لە کەنداو جێگیربووە، بەشداریـیان لە شەڕی دژی داعش کردووە و هاوکات لەگەڵ کەشتی فڕۆکە هەڵگری فەڕەنسایی Charles de Gaulle پـێکەوە کاریان کردووە.






سەرچاوەكان
Top