پایتەختی داعش لە سێ لاوە گەمارۆدراوە
پایتەختە سیاسییەكەی داعش لە سووریا لە سێ لاوە گەمارۆدراوە و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژهەڵات، گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە رۆژئاوا و هێزەكانی حكومەتی سووریا لە باشوورەوە رەقەیان گەمارۆداوە و لەپێشڕەویدان.
هێزەكانی حكومەتی سووریا دوای شەڕێكی سەخت گەیشتنە سنووری رەقە. لەو شەڕەدا 26 چەكداری داعش و 9 سەربازی سووریا كوژران. ناوەندی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند، بەرەوپێشچوونی هێزەكانی حكومەتی سووریا بەهۆی رووسیا و ئەمەریكاوەیە.
سێرگی لاڤرۆڤ و جۆن كێری، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمەریكا، رۆژی هەینی 3/6/2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەبارەت بە پێشڕەوییەكانی سووریا لە دژی داعش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
