ئەمریكا دەستوەردانی ئێران لە کاروباری سیاسیی عێراق ڕەت دەکاتەوە
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی بوونی هێزی سوپای پاسداران لە عێراق، ڕای گەیاند؛ "هەر چەشنە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەکەینەوە، چونکە دراوسێكانی عێراق لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا بە دوای بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا دەگەرێن".
گوتیشی: "وڵاتانی دراوسێ تەنیا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دەتوانن ھاوكاریی ئەو وڵاتە بکەن"، سەبارەت بە بوونی ھێزی چەكداری سوپای پاسدارانی ئێران لە گرتنەوە فەلوجەشدا جۆن كێربی گوتی: "بەردەوام باسی ئەوەمان كردووە، كە نابێ هیچ دراوسێیەکی عێراق دەست لە کاروباری سیاسیی ئەو وڵاتە وەر بدات، بوونی هێزی چەکداری سوپای پاسداران لە عێراق کێشەکانی ئەو وڵاتەی قوڵتر کردووەتەوە".
پێشتر كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هێزی سوپای پاسدارانی لە عێراق ڕەت دەكردەوە، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوە فەلوجەدا میدیاکانی ئێران چەندین وێنەی قاسم سولەیمانییان لە نزیک فەلوجە بڵاو کردەوە کە لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بەرەوە فەلوجە دەڕۆیشتن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، سێ کەسایەتی سیاسیی سوننە مەزهەب ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەشداری قاسم سولەیمانی و هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە شەڕی گرتنەوەی فەلوجەدا دەربڕی و گوتیان، بەشداری سوپای پاسداران لە شەڕی گرتنەوەی فەلوجەدا، ئەو داوایەی بەرپرسانی بەغدا ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێن، هێرش بۆ سەر فەلوجە بۆ لەناوبردنی داعشە و شەڕی شیعە و سوننی نییە.
