سعودیە 14 شیعەی وڵاتەکەی لەسێدارە دەدات
بە تۆمەتی خۆپیشاندان و هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتی وڵات لە ساڵی 2011، دادگای تاوانەکانی ریازی پایتەختی وڵاتەکە، سزای لە سێدارەدانی 14 هاووڵاتیی و زیندانیکردنی ماوەی 3 تاوەکو 15 ساڵی بەسەر نۆ هاووڵاتیی دیکەدا سەپاند.
لە سەروبەندی راپەڕینەکانی هاووڵاتییانی چەمند وڵاتێکی عەرەبی دژی دەسەڵاتی وڵاتەکانیان، کە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، لە ساڵی 2011 ژمارەیەک هاووڵاتیی شیعەی شاری قەتیف لە سعودیە بە فەتوای شێخ نمر باقر نمر، مەرجەعی شیعەکانی سعودیە خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و داوای لەسەر دەسەڵات هێنانە خوارەوەی بنەماڵەی شاهانەیان کرد.
پێشتریش لە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2016، دەسەڵاتدارانی سعودیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەر شێخ نمر باقر نمردا جێبەجێ کرد، کە بووە هۆی ناڕەزایی شیعەکانی جیهان و ئێران.
سعودیە وڵاتێکی سوننەمەزهەبە و بە مەرجەعی سوننەکانی جیهان دادەنرێت و دژایەتییەکی سەرسەختی شیعەمەزهەبەکانی جیهان و ئێران دەکات.
