حەسەن رۆحانی بەڵێنیی کردنەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی دا
هاوکات لەگەڵ سەردانەکی رۆحانی، ئەندامانی دیکەی کابینەکەشی بەسەر شارەکانی دیکەی پارێزگای ورمێدا دابەش کران و عەلی یوونسی، یاریدەدەری بەشی نەتەوە و ئەتنیکەکانی ئێران، لەم رۆژە گەیشتە شاری سەردەشت.
یوونسی، لە سەردەشت گوتی: حکوومەتی رۆحانی رایسپاردووە لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی لە تەنیشت زمانی فارسی بخوێندرێت.
حەسەن رۆحانیش لە وتارێکدا کە لە یاریگەی وەرزشیی مەهاباد پێشکەشی کرد، بە زمانی کوردی گوتی: بژی کوردستان" و لە نێو گوتەکانیدا ئاماژەی بە خوێندنی زمانی کوردی کرد. رۆحانی گوتی: فەرمانی داوە لەو پارێزگایانەی نەتەوەی کورد و ئازەریان لێیە، چەند نێوەندێک بۆ شرۆڤەکردنی کاروباری خوێندن بەو زمانانە لە قوتابخانەکان دابمەزرێن.
عەلی یوونسی گوتی: لە کاتی هاتنەسەر سەرکاری حەسەن رۆحانییەوە، لە زانکۆی کوردستانی نێوەندی پارێزگای سنە زمانی کوردی دەخوێندرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆێندنی کوردی بۆ قوتابخانەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پەرە دەستتێنێت.
رۆژی پێشتر، رۆحانی سەردانی نێوەندی پارێزگای ورمێی کردبوو و لەوێ بە زمانی تورکی و بە "یاشاسن ئازەربایجان" واتە بژی ئازەربایجان دەستی بە قسەکانی کردبوو.
سەرۆککۆماری ئێرانم هەروەها لەم سەردانەیدا، کارگەی پترۆکیمیای مەهابادیشی کردەوە. کارگەی پترۆکیمیای مەهاباد لە لایەن خەڵکی شارەکەوە کەتووەتە بەر رەخنە و دەڵین ٨٢٪ کەسانی دامەزراو لە کارگەکە خەڵکی ناوچەکە نین و تەنیا ١٨٪ ئەو کەسانەی لەوێ دامەزرێنراون، کوردن.
