نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەوێت هەرێم‌و بەغدا بگەیەنێتە رێككەوتنێكی نوێ‌

نەتەوە یەكگرتووەكان دەیەوێت هەرێم‌و بەغدا بگەیەنێتە رێككەوتنێكی نوێ‌
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعیراق ئاشكرایدەكات، هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ لێكنزیكردنەوەی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا، بەئامانجی ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ لەنێوانیاندا.

باشكردنی ئەو هەوڵە لەكۆبوونەوەیەكدا هات، كە ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێوان نوێنەرانی كورد‌و یان كۆبیچ، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەبەغدا بەرێوەچوو. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە كۆپیەكی بۆ خەندان نێردراوە.

لەكۆبونەوەكەدا كە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و ژمارەیەك لەسەرۆك‌و نوێنەری فراكسیۆنە كوردستانیەكان ئامادەبوون، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا گفتوگۆیان لەگەڵ نوێنەری بانكیۆن-ی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان كرد لەعیراق.

لەكۆبونەوەكەدا ئارام شیخ محەمەد ئاماژەی بەوەكردووە، جگە لەكێشەی نەوت و بودجە، پرسی بەشداری كورد و مەسەلەی شەراكەت لەناوەندی بڕیاری سیاسی لاسەنگە، ناكرێت ئەو بەشدارییە ناوبنرێت شەراكەتی ڕاستەقینە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە‌و ماددەی 140 چەندین ساڵە لەنێوان هەولێر‌و بەغدا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەو چوارچێوەیەشەدا حكومەتی ناوەندی لەدوو ساڵی رابردودا بودجەی هەرێمی نەنارد.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی فراكسیۆنەكان، ئاماژەیان بە نەبوونی مووچە‌و هاوكارینەكردنی پێشمەرگەو چەندین پرسی تری پەیوەست بەهەرێم و ناوەند، كردووە‌و داواشیان لەنەتەوەیەكگرتوەكان كردوە ڕۆڵ و كاریگەری خۆی چڕبكات لەسەر حكومەتی عێراق لەپێناو ڕەخساندنی ڕێككەوتنێكی نوێ.

هەرێم‌و بەغدا هەرچەندە رێككەوتنیان لەسەر بودجە‌و نەوت كرد، دواتریش لەیاسای بودجەی 2015دا جێگیركرا، بەڵام كاریان پێنەكرد‌و لەئێستاشدا، حكومەتی ناوەندی بەردەوامە لەسەر نەناردنی بودجە‌و هەولێریش بەسەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت.

بەپێی راگەیەندراوەكە، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەكۆبونەوەكەدا جەختیكردووەتەوە، كە هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ لێكنزیكردنەوەی هەرێم و بەغدا و ئەنجامدانی ڕێكەوتنێكی نوێ.
یان كۆبیچ سوپاسی نوێنەرانی كوردیشی كردووە، كە وەڵامی داواكارییەكانیان داونەتەوە و ئامادەبوون لەدانیشتنی پەرلەمان، وتویەتی كۆی داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان دەگەیەننە حەیدەر عەبادی‌و لایەنە سیاسیەكانی عێراق.

بەشێك لەفراكسیۆنە كوردستانیەكان، ئەمڕۆ یەكشەممە بەشدارییان كرد لەدانیشتنی پەرلەمانی عیراق، ئەوەش دوای پەككەوتنی كۆبونەوەكان بۆ مانگێك، بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانەوە بۆ سەر باڵەخانەی پەرلەمان‌و هەروەها بڕیاری كورد بۆ نەگەرانەوە.

نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان باسی هەوڵەكانی دابینكردنی هاوكار كردووە بۆ هەرێم، ئاشكرایكردووە كە ژاپۆن ئامادەیی پیشانداوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات، لەگەڵ دامەزراوەكانی وڵاتانی جی 7‌و بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختی نێودەوڵەتیش بۆ هەمان مەبەست لەپەیوەندیدان.

هەرێمی كوردستان، زیاتر لەدوو ساڵە لەقەیرانی داراییدایە، بەوهۆیەوە سەدان پرۆژە راگیراون‌و موچەی فەرمانبەرانیش لەوادەی خۆیدا نادرێت سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی، ئەوەش لەكاتێكدایە بەدرێژایی سەدان كیلۆمەتر هێزەكانی پێشمەرگە لەشەڕدایە دژ بەداعش.
Top