سویسرا.. دانیشتوانی‌ گوندێك 300 هەزار دۆلار دەدەن تا پێشوازی‌ لە 10 پەنابەر نەكەن

سویسرا.. دانیشتوانی‌ گوندێك 300 هەزار دۆلار دەدەن تا پێشوازی‌ لە 10 پەنابەر نەكەن
دانیشتوانی‌ گوندێك لە وڵاتی‌ سویسرا كە بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین گوندەكانی‌ ئەو وڵاتە هەژمار دەكرێت، ئامادەن بڕی‌ 300 هەزار دۆلاری‌ ئەمریكی وەك سزا بدەن بە حكومەت تاوەكو 10 پەنابەر رەوانەی‌ گوندەكەیان نەكەن.

بەپێی‌ هەواڵێكی‌ RT، دانیشتوانی‌ گوندی‌ (ئۆبرۆیل- لیلی‌) كە بەدەوڵەمەندترین گوندی‌ ئەوروپا هەژماردەكرێت و دانیشتوانەكەی‌ 2200 كەس دەبێت و 300 ملیۆنێریان تێدایە، دەنگیاندا بەوەی‌ كە بڕی‌ 300 هەزار دۆلار وەك سزا بدەن بە حكومەت لەبەرامبەر ئەوەی‌ رەتیان كردووەتەوە كە 10 پەنابەر لە گوندەكەیان وەربگرن.

دانیشتوانی‌ ئەو گوندە رایگەیاندووە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ ترسیان لەوە هەیە كە ژن و كچ و منداڵەكانیان رووبەڕووی‌ دەستدرێژی‌ ببنەوە و ئارامی‌ گوندەكەیان تێكبچێت، بڕیاریانداوە كە پێشوازی‌ لەو پەنابەران نەكەن و سزای‌ ئەو بڕیارەش كە 300 هەزار دۆلارە بدەن بەحكومەت.

ئەندریاس گلانەر، سەرۆكی‌ شارەوانی ئەو گوندە رایگەیاندووە، رەتكردنەوەی‌ پێشوازی‌ كردن لەو ئاوارانە بۆ مەبەستی‌ رەگەزپەرستی‌ ناگەڕێتەوە، بەڵكو هۆكارەكەی‌ ئەوەیە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاگادارنەكراونەتەوە كە ئەو ئاوارانە خەڵكی‌ چ وڵاتێكن و هۆكاری‌ كۆچكردنیان چی بووە.
Top