لە ئۆپەراسیۆنی باکووری رەققە 11 گوند كۆنترۆڵكراون

 لە ئۆپەراسیۆنی باکووری رەققە 11 گوند كۆنترۆڵكراون
لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لە باکووری رەققەی سوریا 11 گوند کۆنترۆڵکراون و لە گوندی شەرگاتی باکووری شارەكەش شەڕی شەڕڤانان و داعش بەردەوامە.

ئۆپەراسیۆنی کۆنترلکردنی باکووری رەققە لە پێنجەمین رۆژیدایە. ھێزەکانی سووریای دیموکرات لەئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی باكووری رەققە توانیویانە 11 گوند کۆنترۆڵبکەن، کە پێشتر بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوون.

هەرچەندە لەماوەی پێنج رۆژی رابردوو شەڕڤانان شەش کیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە. بەڵام ئۆپەراسیۆنی کۆنترڵکردنی باکووری رەققە جۆرێک لە ھێواشی پێوەدیارە.

شەڕڤانانەکان لەمیانەی پێشڕەویکردنیاندا لە باکووری رەققە، ئەو گوند و شوێنانە لە مین پاک دەکەنەوە، کە لەلایەن چەکدرانی داعش بۆمبیڕێژکراون. بەپێی زانیارییەکان شەڕڤانان ئەو تونێلانەش دەتەقێننەوە کە لەلایەن داعش دروستکراون و مەترسی بۆمبڕێژکرانیان لێدەکرێت.

هاوكات ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ 28-5-2016 لەچوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی باکووری رەققە"، شەڕی شەڕڤانان لەدژی چەکدارانی داعش بەردەوام بووە. لە کاژێر 15:00ـەوە لە باشووری گوندی شەرگات لە رۆژھەڵات و باشووری عەین عیسا شەڕ لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی داعش روویداوە و شەڕ بەردەوامە".

ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سووریای دیمورکات، باسی لەوەشکرد فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانی دژی داعش "لە نزیگ گوندی ھشێ چەکدارانی داعشیان بۆردوومان کردووە"، بەڵام سەبارەت بە زیانەکانی داعش، دەلێت زانیاری تەواویان دەستنەکەوتووە بەھۆی بەردەوامی شەڕ لە ناوچەکەدا.

شەڕڤانانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە 24-5-2016 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی باکووری رەققە، پایتەختی داعشیان دەستپێکرد، کە پێشتر ئەو ناوچانە بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوون، بەڵام چەکدارانی داعش دەستیان بە مینڕێژکردن و دانانەوەی بۆمب کردووە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە ناتوانن پاراستنی شوێنەکانیان مسۆگەر بکەن.
Top