پوتین: خۆمان بە کاروباری کوردەکانی سووریا خەریک ناکەین
ڤلادیمر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیای فیدڕال لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، کە وڵاتەکەی لە سووریا ”رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە و بەرگریی لە دەسەڵاتی شەرعی دەکات“.
ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رووسیا خۆی بە کاروباری کوردەکانەوە خەریک ناکات و رێگاش نادا رژێمی سووریا هەرەس بهێنێت و ”سووریا ببێتە هاوشێوەی لیبیا“.
سەرۆکی رووسیا پێیوایە کاروباری کوردەکانی کوردستانی رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ”پەیوەندیی بە حکوومەتی وڵاتەکانی خۆیانەوە هەیە“، وەک ئاماژەیەک بۆ حکوومەتەکانی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، سوپای رووسیا رایگەیاند، کە بەشداریی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەکەن و بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆردومان دەکەن، بەڵام گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان رایدەگەیەنن، کە رووسیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.
باسنیوز
