سەربازانی ئەمریکا بەشداری کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە دەکەن

 سەربازانی ئەمریکا بەشداری کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە دەکەن
وێنەی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بڵاوبووەوە کە بەئاڵای هێزەکانی یەپەگە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە شەڕی داعش دەکەن.

لە وێنەکاندا دەردەکەوێت سەربازانی ئەمریکی هاوشانی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شەڕ دەکەن جلوبەرگی سەربازی ئەمریکان لەبەردایە، بەڵام بەشێکیان ئاڵای یەپەگەیان لە قۆڵیان بەستووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان تاوەکو ئێستا واشنتن 300 سەربازی رەوانەی رۆژئاوای کوررستان کردووە، بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، كە یەپەگە سەرۆكایەتیان دەكات و ماوەی سێ‌ رۆژە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققەیان دەستپێكردووە.


لەلایەكی دیكەوە، جگە لە بەشداری هێزی زەمینی، ئەمریکا فڕۆکەی پێشکەوتوو لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەقەدا بەکاردەهێنێت و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانانیش بەچڕی بارەگاکانی داعش لە شاری رەققە بۆردومان دەکەن.

چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئاشکرایانکردووە، ژمارەیەک لەو فڕۆکە جەنگیانەی رەققە بۆردومان دەکەن لە بنکەی ئەنجەرلیکی تورکیاوە دێن و بەچڕی ئامانجەکانی داعش لە باکووری رەققە بۆردومان دەکەن.

ئەو بەرپرسە سەربازیقانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، جۆرێکی پێشکەوتوو لە فڕۆکەی ئەمریکی لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەققەدا بەکاردەهێنرێت و لە یەکەمین بۆدوومانیشیدا چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورسی داعشی تێکشکاندووە.

رۆژی 24ی ئەم مانگە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە بە بەشداری هەزاران چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد.

ئامانجی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە کۆنترۆڵکردنەوەی باکووری رەقەیە و پاشانیش چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ ناو سەنتەری شارەکە.

لە مانگی تەمموزی رابردوودا تورکیا رەزامەندی پیشاندا بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەکاربهێنرێت.

ئێستاش چەندین فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، قەتەر و سعودیە لەو بنکە سەربازیەدان.
Top