42 هاوڵاتی مەدەنی لە نسێبین رزگاركران
ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز نزیك لەپەكەكە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لەئەنجامی هەوڵەكانی سارا كایا هاوسەرۆكی شارەوانی نسێبینو عەلی ئاتالان پەرلەمانتاری هەدەپە لەپارێزگای ماردینو چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی، توانراوە 42 هاوڵاتی مەدەنی رزگاربكەن كە لەنێوانیاندا ژنو منداڵو بریندار هەبوونو لەگەڕەكەكانی یەنی شەهیرو ئالیكا لەنسَیبین گیریان خواردبوو، بەهۆی شەڕو هێرشەكانی سوپای توركیاوە.
سارا كایا رەتیكردەوە ئەو كەسانەی رزگاركراون پەیوەنیدییان بە هێزی چەكدارەوە هەبێت و رایگەیاند:"ئەو كەسانەی رزگاركراون خەڵكی مەدەنینو هیچ پەیوەندییەكیان بە هێزی چەكدارییەوە نیە" ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هەواڵێكی ماڵپەڕی یەنی شەفەق-بەنزیك لە ئاكەپە دادەنرێت- كە وتبووی"لەشاری نسێبین 42 ئەندامی پەكەكە كە لە نێوانیاندا 10 ژن هەن خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە".
هاوسەرۆكی شارەوانی نسێبین ئاشكراشیكرد كە تائێستا بە هەزاران كەسی مەدەنی لەناو شارەكە گیریان خواردووەو چاوەڕێی گواستنەوەن.
هاوكات بەپێ هەواڵەكەی یەنی شەفەق، هەر ئەمڕۆ لەگەڕەكی یەنی شەهیر لەنسێبین لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراودا 2 سەربازی توركیا كوژراونو 9 سەربازی دیكەش برینداربوون.
ماڵپەری سی ئێن ئێن توركیش بڵاویكردەوە كە لەناوچەی ئۆڤاجیق سەر بە پارێزگای دێرسیم لەباكوری كوردستان لەئەنجامی شەڕو پێكدادان لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا، سەبازیك كوژراوەو سەربازێكی دیكە برینداربووە.
هەرئەمرۆ یەكینەكانی پاراستنی سڤیل(یەپەسە) رایگەیاند، هەموو هێزە چەكدارەكانی لەشاری نسێبینی سەر بە پارێزگای ماردین لە باكوری كوردستان كشاندووەتەوە، ئەوەش بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
