پێنجهەزار پەنابەری عێراقی و کورد دەگەڕێنەوە

 پێنجهەزار پەنابەری عێراقی و کورد دەگەڕێنەوە
نزیكەی پێنجهەزار کۆچەری کورد و عێراقی ناوی خۆیانیان تۆمار کردووە لە ئەورووپا بگەڕێنەوە؛ بەڕێوەبەری ڕەوەندی كورد دەڵێ کۆمەڵێ هاووڵاتی هەرێمیش گەڕاونەتەوە و كۆچی پێچەوانە دەستی پێكردووە.

نەزهەت حوسێن، بەڕێوەبەری كۆچ و ڕەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كۆچ‌وكۆچبەرانی هەرێم ڕاگەیاند: "کۆچی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و، خەڵك زۆر كەم كۆچ دەكەن، كۆچی پێچەوانە دەستی پێكردووە و، ئێستا پەنابەرانی خەڵکی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە؛ حكوومەتی عێراق پاسپۆرتێکی كاتیی ئامادە كردووە بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە؛ چەند وڵاتێکی ئەورووپاییش ئامادەنە پاسپۆرتی كاتی بدەنە ئەو كەسانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان."

نەزهەت گۆتیشی: "تا ئێستا ١٥٧ كەس گەیشتوونەتەوە هەرێمی كوردستان و، ئەوەنندەی زانیبێتمان نزیكەی پێنجهەزار هاووڵاتیی کورد و عێراقی ناویان تۆمار كردووە بۆ گەڕانەوە؛ بەتایبەتی ئەوانەی چوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا. چەند وڵاتێکی بیانییش هەر یەکە و، بڕێ لە خەرجی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە دەکێشن."
Top