ئەمریکا سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری رەققە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات
بەپێی زانیارییەکان، سوپای سووریای دیموکراتی، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەهێزترین گرووپە تێیدا، بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرش دەکاتە سەر شاری رەققە، بەڵام تاوەکو ئێتا وادەی هێرشەکە رانەگەیەندراوە، ئەگەرچی میدیا رۆژئاواییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە وادەی هێرشەکە نزیک بووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کوردستانی رۆژئاوا بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ”شەرعییەت وەربگرێ“، بڕیار دراوە سوپای رژێمی سووریا بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە نەکات، بەڵام رووسیا لە هێرشەکە ئاگادار دەکرێتەوە.
ئەسعەد زوعبی، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ رایگەیاندووە، کە ئەوان ترسیان لە ”پلانی ئەمریکی بە هەماهەنگیی رووسیا“ هەیە، کە شاری رەققە رادەستی کوردەکان بکەن.
زانیارییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش ئاماژە بەوە دەکەن، کە چەکدارانی ئەو رێکخراوە ورەیان رووخاوە و بەردەوام لە بەرەکانی شەڕ رادەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014، داعش شاری رەققەی سووریای وەک پایتەختی خەلافەکەی راگەیاند.
باسنیوز
