ئه‌مریكا شوێنی 100 پارچه‌ی فڕۆكه میسرییه‌كه دیاری ده‌كات
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری (بوابه الاهرام)ی میسری، هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا له پێگه‌ی فه‌رمی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه، فڕۆكه‌كانیان شوێنی 100 پارچه له پاشماوه‌ی فڕۆكه میسرییه‌كه‌یان دیاری كردووه له‌ناوچه‌یه‌كی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه ئه‌و هێزه له‌وه دڵنیابوونه‌ته‌وه كه ئه‌و پارچانه‌ی بینیویانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فڕۆكه میسرییه تێكشكاوه.
هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه، كه شوێنی ئه‌و پارچانه‌ی بینیوویانه به هێزی ده‌ریایی میسریان لێی ئاگادار كردووه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان.
رۆژی 19ی ئایار فڕۆكه‌یه‌كی میسر كه له گه‌شتێكدا بوو له شاری پاریسه‌وه و بۆ قاهیره، به‌هۆكارێكی نادیار له ئاسمانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست به 66 سه‌رنشینه‌وه كه‌وته خواره‌وه.
دواتر وه‌زیری فڕۆكه‌وانی میسر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌رێكی به‌هێز هه‌یه كه ئه‌و فڕۆكههی به‌هۆی كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌وه خرابێته خواره‌وه.
