ژمارەیەک پارچەی فڕۆکە میسرییەکە دۆزرایەوە
محەمەد سەمیر گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی میسر رایگەیاند "ژمارەیەک لە پارچەکانی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە و پرۆسەکانی گەڕان و پشکنین درێژەیان هەیە".
لەلایەكی ترەوە ئەنتۆنیۆ بۆردۆنی پسپۆری ئیتاڵی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (لاستامبا)ی ئیتاڵی گوتی كەشوهەوای ڕێگەكە زۆر خۆش و بێ كێشە بووە. فڕۆكەكەش لەبارێكی زۆر باشدا بووە. سەرباری ئەوەی فڕۆكەوانەكەش زۆر شارەزایە و مێژوویەكی درێژی هەیە. هەروەها هیچ ئاگەداركردنەوەیەكیش لەبارەی داواكردنی هاوكاری و خراپبوونی فڕۆكەكە لەئارادا نییە.
بۆردۆنی گوتیشی هەموو گومانەكان بۆ بوونی هێرشی تیرۆریستی دەچن.
هەروەها ئاشكرای كرد كە فڕۆكەكە بەهۆی تەقینەوە یان هێرشێكی مرۆییەوە كەوتووە. بەتایبەتیش كە فڕۆكەكە پێش یەك رۆژ لە فڕۆكەخانەی ئەسمەرای پایتەختی ئەریتریا و فڕۆكەخانەی تونسی پایتەختی تونس بووە.
پسپۆرە ئیتاڵییەكە بەدووری نەزانی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە ئەریتریا خۆی گەیاندبێتە فڕۆكەكە. وەك چۆن پێشتریش توانیبوویان لە فڕۆكەخانەی مەقادیشۆی سۆماڵ خۆیان بگەیەننە فڕۆكەیەك.
فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵی ئاسمانیی میسر لە جۆری A320 لە کاتی ئەنجامدانی گەشتی نێوان پاریس-قاهیرەدا، دوێنێ سەرلەبەیانی سەعات ٢ و ٤٥ خولەک لە کایەی ئاسمانیی میسردا لە دەریای سپی ناوەڕاست لە سیستمی چاودێریی چووبووە دەرەوە و ون بووبوو.
فڕۆکەکە ٥٦ سەرنشین و ١٠ کارمەندی دەستەی فڕۆکەوانیی تێدابوو کە حەوتیان فڕۆکەوان و کارمەندی فڕین بوون. لەنێو سەرنشینەکاندا کە سیانیان مناڵ بوون، ٣٠ هاووڵاتیی میسری، ١٥ فەرەنسی، دووانیان عێراقی و بریتانییەک و بەلجیکییەک و کوەیتییەک و سعوودییەک و سوودانییەک و چادییەک و پرتوگالییەک و جەزائیرییەک و کەنەدییەک هەبوون.
باسنیووز
