سه‌رۆك وه‌زیرانه تازه‌كه‌ی توركیا به میلیم جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا نییه
یڵدرم به كه‌سێكی زۆر نزیكی ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان داده‌نرێ، كه هه‌ر له منداڵییه‌وه هاوڕێ بوونه و به یه‌كه‌وه‌ش هاتوونه‌ته ناو سیاسه‌ته‌وه.
بوونی یڵدرم وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیران چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه ئه‌و كاته‌ی ئه‌ردۆگان وازی له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هێنا و بوو به سه‌رۆك كۆمار، یڵدرم خۆی پێ شایسته‌ی جێگره‌وه‌ی ئه‌ردۆگان بوو، كاتێك ئه‌حمه‌د داودئۆغلوش بوو به سه‌رۆك وه‌زیران، یڵدرم تا ماوه‌یه‌ك نه‌هاته به‌رده‌م ته‌له‌ڤزیۆن و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیبوو، وه‌لێ ئه‌ردۆگان ئاشتی كرده‌وه.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه كه یڵدرم به میلیم جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا نییه، ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان بیڵێ ئه‌و ده‌ڵێت به‌ڵێ. هه‌روه‌ها یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی زۆر ئیشكه‌ره.
له هه‌ڵبژاردنی 1ی نۆڤه‌مبه‌ردا كاتێك ئاكپارتی ده‌یگوت (ئه‌وان قسه ده‌كه‌ن و ئێمه جێبه‌جێی ده‌كه‌ین) رێك مه‌به‌ستیان له یڵدرم بوو كه هه‌موو ئه‌و پڕۆژه گه‌ورانه‌ی له توركیا جێبه‌جێ ده‌كران پشكێكی زۆری به‌ر ئه‌و كه‌وتووه.
ئێستەش به بوونی به سه‌رۆك وه‌زیران، ئاكپارتی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات كه له‌مه‌ودوا توركیا له رووی ئابووری و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌وه به‌ره‌وپێش بچێت و كاریگه‌ری هه‌بێت به‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئاكپارتی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی زیاد بكات. واته ئه‌م خوله‌ی یڵدرم خولی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌یه له توركیا.
یڵدرم به‌وه ناسراوه له توركیا كه به‌رده‌وام نوكته‌ی تازه‌ی پێیه و حه‌زی لێیه به‌رده‌وام سوعبه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بكات.
ئه‌وك اته‌ی ئه‌ردۆگان كابینه‌ی 60ی حكوومه‌تی راگه‌یاند و یڵدرمی كرده وه‌زیری گواستنه‌وه، وه‌كو گاڵته‌یه‌ك به یڵدرمی گوت تۆ لایه‌نگیری چی تیپێكی؟ ئه‌ویش گوتی گالاتاساری، ئه‌ردۆگان وه‌كو پێكه‌نین پێی گوت من فانارباخچه‌م و بمزانیبایه نه‌مده‌كردی به وه‌زیر.
پێده‌چێت یڵدرم وه‌كو ئه‌ردۆگان و داودئۆغلو ره‌ق نه‌بێت له قسه‌كردن و ره‌خنه‌گرتن له‌گەڵ ئۆپۆزسیۆن، چونكه ئه‌و شێوازێكی نه‌رمتری هه‌یه. ئه‌گه‌رچی داودئۆغلوش به‌و شێوه‌یه ره‌ق نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌كادیمیانه‌تر ره‌خنه‌ی ده‌گرت و تووڕه ده‌بوو، به‌ڵام یڵدرم ئه‌نادۆڵیانه‌تر ره‌خنه ده‌گرێت.
بیناڵی یڵدرم كێیه؟
_ بیناڵی یڵدرم له ساڵی 1955 له ئه‌رزنجان له دایك بووه.
ــ له حكوومه‌ته‌كانی 58.59.60دا وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن بووه و هه‌روه‌ها له‌م حكوومه‌ته‌ی ئاكپارتیشدا وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن بووه.
_ زۆر له ئه‌ردۆگانه‌وه نزیكه و له‌سه‌ر باڵی ئه‌و هه‌ژمار ده‌كرێت.
_ یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی ئاكپارتی و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته بوه.
باس‌نیوز
