پنتاگۆن: داعش نیوەی ناوچەکانی بندەستی لە عێراق لەدەستداوە

پنتاگۆن: داعش نیوەی ناوچەکانی بندەستی لە عێراق لەدەستداوە
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند رێکخراوی داعشی توندڕەو نزیکەی نیوەی ناوچەکانی بندەستی لە عێراق لەدەستداوە، بەڵام زیانەکانی داعش لە سووریا کەمتر گرنگن.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پیتەر کووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "رێکخراوە توندڕەوەکە نزیکەی 45% ناوچەکانی بندەستی لە عێراق لەدەستداوە و داعش لە سووریا لەنێوان 16 بۆ 20 لە سەدای ناوچەکانی بندەستی لەدەستداوە کە پێشتر داگیری کردبوون".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە عەمانی پایتەختی ئوردن برێت مەکگۆرك نوێنەری سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی: "داعش رۆژ لە دوای رۆژ لە پاشەکشێدایە لە عێراق و سووریا و لە ناوچوونی نزیكبووەتەوە".

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تەنیا لە بەرەکانی شەڕ لە پێشڕەویدا نییە، بەڵکوو لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی تۆڕەكانی تویتەر و فەیسبووك توانیویانە زاڵبن بەسەر ھەوڵەکانی داعش".

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش نزیکەی 40% روبەری خاکی عێراقیان داگیرکرد و شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا و شارۆچکەی حەویجە و دەوروبەری لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک و چەند شارۆچکەیەک و ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق هێشتا لە بندەستی داعشدایە.

بەڵام شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و داعش لە لایەک و شەڕی نێوان هێزەکانی عێراق و داعش لە لایەکی دیکەوە و هێرشی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، رێکخراوەکەی ناچار کردووە پاشەکشی بکات و زیانی زۆری پێگەیاندووە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەڵێن .






K24
Top