بەپەلە... "داودئۆغڵو دەستلەکار دەکێشێتەوە"
میدیاکانی تورکیا لە زاری سەرچاوەکانی نزیک لە ئاک پارتییەوە بە بێ ناوبردنی ئەو سەرچاوانە رایانگیاند، "پارتی داد و گەشەپێدان AKP بەرەو کۆنگرەیەکی نا ئاسایی دەچێت و لە کۆنگرەکەدا ئەحمەد داودئۆغڵو دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیران رادەگەیێنێت."
میدیاکانی تورکیا راشیانگەیاند، "سەرەتای مانگی حوزەیران ئاک پارتی کۆنگرە نائاساییەکە ئەنجام دەدات."
ئێوارەی چوارشەممە 4-5-2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی"یان ئەنجامدا کە ئەم کۆبوونەوە بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیاوە بە میدیاکانی نزیک لە ئاک پارتی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و داودئۆغڵو کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانە بووە.
دەنگیر میر مەهمەت فرات، پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئاک پارتی کە هاوڕێیەکی نزیکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بوو، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی پەکەکە رایگەیاند: "بەڕێز داودئۆغڵو سەرۆکایەتی گشتیی لەدەستدا. لە راستیدا دەبێت خۆی دەستبەرداری بێت، چونکە راستەوخۆ شەخسییەتی کراوەتە ئامانج، بەڵام بەداخەوە دەستی لەکار نەکێشایەوە."
دەنگیر میر ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەوەی لە ئاکەپەدا روویداوە، لە هیچ پارتێکی دیکەدا نەبووە کە بەوجۆرە دەسەڵات لە سەرۆکی پارتەکە وەربگیرێتەوە. بە ئاشکرا پێیانگوتووە: متمانەمان بە تۆ نییە."
ئەندامەکەی دەستەی دامەزرێنەری ئاک پارتی لەبارەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی دامەزراندن و لەسەرکارلادانی سەرۆکی لقەکانی ئاکپارتییەوە لەلایەن سەرۆکوەزیران، دەڵێت: "دەبوایە دەستبەجێ داودئۆغڵو سەربەرزانە دەستی لەکار بکێشابایەوە."
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەشڵێت: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاک زاوا(بەرات ئاڵبایراک) دەکرێت بە سەرۆک، رەنگە ئەمە دوای ماوەیەک ئەنجامبدرێت، یاخود بینیالی یڵدرم دەکەن بە سەرۆک"
دەنگۆی "دەستلەکارکێشانەوەی" داودئۆغڵو بەتایبەتی دوای ئەوە قوڵ بووەوە کە رۆژی 29-4-2016 ئەنجومەنی ناوەندی بڕیاردانی ئاک پارتی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دەسەڵاتی دامەزراندن و لەسەر کارلادانی سەرۆکی لقەکانی پارتەکەی لە سەرۆک و یاریدەدەرەکەی وەگرتەوە".
هەرچەندە عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاک پارتی رایگەیاند کە ئەم بڕیارە بابەتێکی تەکنیکییە و ئاماژە نییە بۆ بوونی هیچ قەیرانێک لەناو ئاک پارتیدا، بەڵام بڕیارەکە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا و داودئۆغڵو ئامادەنەبوو لێدوان لەبارەیەوە بدات.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا، رۆژنامەڤانان لەبارەی بڕیارەکەی ناوەندی بڕیاردانی پارتەکەیەوە پرسیاریان لە داودئۆغڵو کرد ئەویش بە بێ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە گوتی: "ئەمە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی نییە زۆر سوپاس."
ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاردانی ئاک پارتی پێشتر لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا، بە بڕیارێک دەسەڵاتی دامەزراندن و لەسەرکارلادانی سەرۆکی لقەکانی دایە یاریدەدەری سەرۆکی ئاک پارتی کە بە واژۆی سەرۆکی پارتەکە جێبەجێ دەکرا.
ئەنجوومەنەکە لە 51ئەندام پێکدێت کە زۆرینەیان بە کەسانی نزیک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ناسراون.
