وەزیری بەرگری ئەمریکا: پێویستە هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکرێت
ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 4-5-2016، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ 11 وەزیری بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری شتوتگارد لە ئەڵمانیا رایگەیاند"هەموو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئامادەییان تێدابێت کە کاری زیاتر بکەن بۆ خێراکردنی شەڕی دژی داعش".
وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها راشیگەیاند: "پێویستە بۆ خێراکردنی شەڕی دژی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ هاوکاری و پشتیوانییەکانی هێزە عێراقییەکان لە نێویاندا پێشمەرگە زیاتر بکرێت، کە هاوکارییەکان بریتین لە مەشقپێکردنی سەربازی و پڕ چەککردنی ئەو هێزانە".
کارتەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش رایگەیاند: "پێویستە سەرکردە عێراقییەکان لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکانیان رێککەون و بەیەکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەیان ببنەوە".
وەزیری بەرگری ئەمریکا راشیگەیاند: "بەپێی ئەنجامی ستراتیژییەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێویستە ئێستا قۆناخی دووەمی شەڕی دژی داعش دەستپێبکەین کە خۆی لە سێ هەنگاو دەبینێتەوە، ئەوانیش، یەکەمیان ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگای ئەنبار، دووەم هاوکاریکردن و پڕچەکردنی هێزە عێراقییەکان، سێیەمیش ناساندن و هاوکاریکردنی هێزی زیاتری نێوخۆییە لە سووریا کە بتوانن گوشاری زیاتر بخەنە سەر رەققە".
