لە کۆبوونەوەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتەرانی تورکیادا شەڕ روویدا

لە کۆبوونەوەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتەرانی تورکیادا شەڕ روویدا
لە نێو تەلاری پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی تورکیا کە بەمەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاسایی ھەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران رێکخرابوو، شەڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP و پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان AKP دا روویدا.

لەکۆبوونەوەکەی دوای نیوەرۆی دووشەممە 2-5-2016ی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و بەکر بۆزداغی وەزیری دادی تورکیا، بۆزداغ رایگەیاند: "لەکۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوودا، راوێژکارەکان تووندوتیژیان ئەنجامداوە. لەوەڵامدا پەرلەمانتارانی ھەدەپە ناڕەزایەتیان نیشاندا و دیسان جارێکی دیکە شەڕ روویدایەوە".

رۆژی پێنجەشەممەی رابردوو 28-4-2016، بەھەمان شێوە لەکاتی کۆبوونەوەی دانیشتنی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پرۆژەیاسای ھەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی تورکیادا شەڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی ھەدەپە و ئاکەپە روویدا.

بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایەی لەلایەن حکومەت ئاراستەی پەرلەمان کراوە، لەکاتی پەسندکردنی پرۆژە یاساکەدا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا و دادگاکان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانن پەرلەمانتاران دەستگیربکەن و سزایان بدەن.
Top