گوتەبێژی کۆشکی سپی: دابینکردنی ناوچەی ئەمن لە سوریا سەرناگرێت
جۆش ئەرنێسێت، بە پەیامنێرانی گوت: پێویستە حکوومەتی سوریا پێبەندی ئاگربەست و کەمکردنەوەی تێکهەڵچوونەکان بێت و پێمان باشە روسیاش کەڵک لە کاریگەرییەکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد بەڵینییەکانی جێبەجێ بکات.
لە هەمان کاتدا لەگەڵ درێژی هێرشەکان بۆ سەر شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ ئاگربەستی سوریا پڕۆژەی جۆراوجۆر لەژێر لێکۆڵینەوە دان.
بە پێی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس، جۆن کێری رۆژی دووشەممە لە جنێڤ لەگەڵ عادل جوبەیری وەزیری دەرەوەی سعوودیا و ستێڤان دیمیستۆرای نێردەی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا گفتوگۆی کرد.
