"پەیەدە هێشتایش هەر فەرمان لە ڕژێمی سووریاوە وەردەگرێ"

سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان-سووریا دەڵێ، تا ئێستاش پەیەدە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سووریادا هەیە و ھەموو بڕیارێکیان جێبەجێ دەکات؛ لەبەر ئەوەی ئەنەکەسە دژی کردەوەکانی ئەوانە بەردەوام کێشەمان بۆ دەنێنەوە، تەنانەت هەموو چالاکییەکیان لێمان قەدەغەکردووە.

سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان-سووریا (سعوود مەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر خراپە؛ شەڕ قورسە و خەڵک برسیەتی؛ دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە؛ شۆڕشی سووریا بە لایەک، رژێمی ئەسەد و ملیشیا و گروپە تیرۆریستەکان بەزمەکەیان خراپتر کردووە."

(سعوود مەلا) گوتیشی، ڕووداوەکانی قامیشلۆ ساختە بوو؛ پەیەدە و رژێمی سووریا ترسێکیان خستە دڵی خەڵکەوە بۆ ئەوەی ڕابکەن و ئاوارە بن و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ بێڵن، گەرنا ئەو شەڕە ھیچ بنەمایەکی نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو شەڕە بە تەلەفونێک چارە دەکرا.

باسی لەوەش کرد، پەیەدە و ڕژێمی سووریا نەک بەم دواییانە، پێشتریش ڕێککەوتنیان ھەبووە و، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە؛ پەیەدە بڕیار لە ڕژێمی سووریا وەردەگرێت و، هەموویشی جێبەجێی دەکا.

سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان سووریا ڕوونیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی ئەنەکەسە کردەوەکانی پەیەدە قبووڵ ناکەن بەردەوام کێشەی بۆ دەنێنەوە؛ بارەگایان لێ دادەخەن و، ئەندامیان لێ دەستگیر دەکەن؛مرێگە نادەن تەنانەت ھیچ چالاکییەکیش بکەن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.






KDP
Top