واشنتۆن پۆست: دەبێ ئۆباما لەبارەی عێڕاقەوە بڕیار بدات
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە بابەتێکدا دەنووسێت، ئەگەر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو ئاڵۆزییەی ناوخۆی عێراقی پێ چارەسەر نەکرێ، دەبێ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
لە بابەتەکەدا باس لە بارودۆخی عێراق و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە دەکات و دەنووسێت: "لە عێراقدا حکومەت نەماوە و ئەوەی ڕوودەدات بێسەروبەرییە."
ھەر لەو بابەتەدا کە پێشبینیی جیابوونەوەی ھەرێمەکانی عێراق دەکات ڕای شارەزایان دێنێتەوە، کە پێییان وایە عێراق بەو شێوەیەی ئێستای ئەستەمە پێکەوە بمێنێتەوە.
محەمەد خەدێری کە بۆ ماوەی ساڵانی 2003-2009 لەگەڵ باڵیۆز و فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کاری کردووە، لەو بارەیەوە دەڵێ "پێویستە حکومەتی ئەمریکا زیاتر بیر لە چارەسەری دابەشبوونی ھەرێمایەتی بکاتەوە بۆ عێراق نەک مەرکەزییەت."
داواش دەکات حکومەتی ئۆباما لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و سوننە و شیعە بەجیا گفتوگۆ بکات و پێداگرە لەسەر ئەوەی "چارەسەرێکی زۆر رڕادیکاڵییانە پێویستە".
جێی باسە، خدێری لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو و لە بەباتێکدا، بە ھەمان شێوە داوای دابەشبوونی عێراقی کردبوو لەپێناو باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی وڵات.
هەر سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی لە عێراق، شارەزایەکی سیاسیی ئەمریکی حکومەت لە بەغدا ئیفلیج بووە و وڵات بەو شێوەیە بەڕێوە نابرێت.
ئیما سکای، شارەزای ئەمریکی و ڕاوێژکاری سیاسیی پێشووی ھێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەڵێ" عێراق بەو شێوەیە بەڕێوە نابرێت".
ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەو یاریکەرانەی لە دەرەوەی دەوڵەتن، لە دەوڵەت بەھێزترن، هەربۆیە، حکومەتی بەغدا ئیفلیج و گەندەڵە. "
ZNA
