ئێران.. مەرجەعێکی شیعە فەتوایەک لەدژی یارسانەکان دەردەکات
ناسر مەکارم شیرازی، مەرجەعی شیعە لە وەڵامی پرسیارێکی ئایینیدا سەبارەت بەوەی "ئایا خواردنی نەزری پەیڕەوانی ئایینی یارسان، حەڕامە یان حەڵاڵ؟"، لەسەر ماڵپەڕی تایبەتیی خۆی نووسیویەتی: "نابێ موسوڵمانان خواردنی دەستی یارسانەکان بخۆن" و ڕوونیشی نەکردووەتەوە کە مەبەستی لە دەرکردنی ئەو فەتوا شەرعییە چییە؟.
ئەو مەرجەعە شیعەیە لە وەڵامدا گوتوویەتی: "لە کاتێکدا پەیڕەوانی یارسان ئەرکە واجبەکانی ئایینی ئیسلام ڕەت دەکەنەوە، بۆیە نابێ خواردنێک بخۆن کە بەدەستی ئەوان دروست دەکرێت".
پەیڕەوانی ئەو ئایینە زیاتر کوردن و بە درێژکراوەی ئایینی میترایی و زەردەشت هەژمار دەکرێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان و زانیاریی چالاکوانانی کوردی یارسان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی ڕێکخراوەیی مافەکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان پێشێل دەکات و بەردەوام دەیانخاتە ژێر گوشار و ئازارەوە.
باسنيوز
