گەشتەكەی ئۆباما بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.. هەوڵێك بۆ ئارامكردنەوەی سعودیە
لە 2009ەوە هەتا ئێستا زۆر شت لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و سعودیە گۆڕاوە، بەڵام سعودییەكان بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئۆباما بەرامبەر بە حكومەتەكەی ئال سعود پێویستیان بە لێكدانەوەی كڕنۆشەكەی ئۆباما نەبوو، لەبەر ئەوەی یەكساڵ دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر ئۆباما كە ئەوكات سیناتۆر بوو لە گوتارێكی توندا لە شیكاگۆ گوتبووی "جەنابی سەرۆك بووش دەیەوێت جەنگ بكات، مادام وایە با دڵنیا بین بەناو هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست- واتە سعودیە و میسر- خەڵكی خۆیان ناچەوسێننەوە و واز لە گەندەڵی و نایەكسانی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەهێنن".
بەڵام ئەگەر واز لە گوتارە توندەكەی 14 ساڵ لەمەوبەری ئۆباماش بهێنین، دیسان شتانێكی زۆر لە ناوچەكە و لە ئەمریكاش گۆڕاوە كە كاریگەری بەرچاویان لەسەر پەیوەندییەكانی واشنتن و ریاز داناوە و رەنگدانەوەشیان لە كۆبوونەوەكەی 20ی نیسانی مەلیك سەلمان و ئۆباما هەبوو. یەكەم رەنگدانەوەی گرژییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا لە كاتی گەیشتنی ئۆباما بۆ ریاز دەركەوت، كاتێك مەلیك سەلمان ئامادە نەبوو خۆی پێشوازی لە ئۆباما بكات كە بە مەبەستی بەشداری لە لوتكەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوكاری كەنداو سەردانی ریازی كردبوو.
لای ئۆباما پرسی سەرەكی لە سەردانەكەی ئەمجارەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی جەنگی داعش بوو، لای سعودییەكان پرسە سەرەكییەكە ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەم وڵاتە و هەروەها هەوڵەكانی تاران بۆ دەستگرتن بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئۆباما بە نیازە لە دوایین ساڵی سەرۆكایەتی خۆیدا گەرەنتی ئەوە بكات وڵاتانی ئیسلامی، بە تایبەتیش وڵاتە سوننەكان، بەشدارییەكی چالاكتریان لە نێو هاوپەیمانی جەنگی دژی داعشدا دەبێت. لای سعودییەكان رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران نەك هەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی رانەگرتووە، بگرە دانی پێدا ناوە.
جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، سێ كەیسی دیكە هەن كە كاریگەرییان لەسەر كۆبوونەوەكەی ئۆباما و سەرانی عەرەبدا هەبووە، یەكەمیان لێدوانەكانی ئۆبامایە لە دوایین دیمانەیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەمریكی "ئەتڵانتیك" كە تێیدا وڵاتانی كەنداو بە "سەرەڕۆ" ناودەبات و جەخت دەكاتەوە ئەمریكا چیدی ناتوانێت بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەمجۆرە وڵاتانە سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێت.
كەیسی دووەمیان پەیوەندی بە 11ی سێپتەمبەر و بەشداری بەرپرسانی سعودی لەم رووداوەدا هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا بە نیازن جارێكی دیكە لێكۆڵینەوە لەم دۆسیەیە زیندوو بكەنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بكەوێتە واری جێبەجێكردن پێویستی بە واژۆی سەرۆكی ئەمریكا هەیە.
كەیسی سێیەمیان پەیوەندی بە پێشێلكارییەكانی سعودیە لە یەمەن هەیە، لە كاتێكدا ژمارەیەك لە كۆنگرێسمانەكان پڕۆژەیەكیان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەوە بكرێت سعودیە هەتا چەندە لە هێرشە ئاسمانییەكانی لە یەمەن رەچاوی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤیلی كردووە. ئەمە جگە لەوەی سعودیە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژی حوسییەكانی یەمەن هیچ پرسێكی بە ئەمریكا نەكردبوو.
باراك ئۆباما لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە لوتكەی كەمپ دێڤید بەڵێنی بە وڵاتانی كەنداو و لەسەرووی هەموویانەوە سعودیە و ئیمارات دابوو كە لەبەرامبەر هەر هێرشێكی دەرەكیدا بەرگری لە ئاسایشی ئەو وڵاتانە بكات، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنی كۆمەڵێك گرێبەستی چەك و تەقەمەنی بە وڵاتانی كەنداو دابوو.
لوتكەكە لە بنەڕەتدا بۆ پێدانی دڵنیایی بە وڵاتانی كەنداو بوو كە دانوستاندن و دواتریش رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و رۆژئاوا بە زیانی وڵاتانی ناوچەكە نابێت. سەرچاوەكانی نزیك لە كۆبوونەوەكە ئاشكرایان كردبوو سەركردە عەرەبەكانی كەنداو بە پێشنیازەكانی ئۆباما رازی نەبوون، ئەگەرچی دوای كۆبوونەوەكەش بۆ پاراستنی رووخساری دیپلۆماسی خۆیان بە بزەوە باسیان لە رێككەوتنی گەورە كردبوو.
بەڵام ئۆباماش نەیدەیویست لەبەرامبەر ناڕەزایەتی سەركردە سوننەكانی عەرەبدا كۆڵ بدات، لە كاتێكدا رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكرا گەورەترین دەستكەوتی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی كۆشكی سپی بێت. سەرۆك وڵاتانی كەنداو بەر لە لوتكەی كەمپ دێڤید و پێش دانوستاندنە ناوەكییەكانیش دڵێكی پڕیان لە ئۆباما هەبوو، لەبەر ئەوەی لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئەوروپی (یەكێك لەوان فەرەنسا)، لە ساڵی 2013 چاوەڕێی لێدانی ئەسەدیان دەكرد، ئۆباما رای خۆی گۆڕی و بەمەش هەمووانی لە رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا بێهیوا كرد.
سعودیەكان دەزانن تێڕوانینی ئۆباما لە 2002ەوە بۆ 2016 گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە، ئۆباما (بە پێچەوانەی سەرۆكەكانی پێشتری ئەمریكا) وەكوو لە دیمانەكەی ئەتڵانتیكدا دەردەكەوێت ئامادە نییە لە نێوان ئێران و سعودیە بێ یەك و دوو پشتگیری لە سعودیە بكات، بە پێچەوانەوە باراك ئۆباما زیاتر بە دوای ئەوەوەیە بە شێوازێك هانی سعودیەكان بدات "رێگەیەكی باش بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتی دراوسێی خۆیان (واتە ئێران) دەسەڵات دابەش بكەن و جۆرێك لە ئاشتی سارد دروست بكەن." بەڵام كێشەكە ئەوەیە ریاز ناتوانێت تاران وەكوو هاوبەش ببینێت، لای ئەوان تاران ركابەری سەرەكییە.
پارساڵ ماڵكۆم تێرنبوڵ، سەرۆكوەزیرانی ئوسترالیا، لە كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیدا لە ئۆبامای پرسیبوو "ئایا سعودییەكان دۆستی ئەمریكا نین؟" ئۆباما بە بزەیەكەوە و پاش تۆزێك بیركردنەوە لە وەڵامدا گوتبووی "ئەمە مەسەلەیەكی ئاڵۆزە".
رووداو
