خاوەنی فەیسبووک: رێگە بە منداڵەکانتان بدەن یاری بکەن
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی یارییەکی ئەلیکترۆنییەوە رەخنەی لێگیرا، مارک زوكەبێرگ، دامەزرێنەر و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، رێگە بە منداڵەکانی دەدات یاری بکەن و خۆشی بە یاری کردن گەیشتووە بەو ئاستە.
زوكەبێرگ، ڤیدیۆی یارییەکی بەناوی "ماینکرافت" بڵاوکردەوە، بەکارهێنەرێکی تورکی فەیسبووکیش لەژێر یارییەکەدا بە شێوەیەکی تەنزئامێز نووسیویانە "ماک زوبێرگ!! ئایا هانی منداڵەکانیشت دەدەیت ئەم جۆرە یارییانە بکەن؟ خۆشم دەوێیت بەڵام ئەم جۆرە یارییانە مەترسین بۆ سەر داهاتوومان".
بەو هۆیەوە زوكەبێرگ روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە رێگە بە منداڵەکانم دەدەم یاری بکەن. ئەمە رێگەی منیش بوو بۆ هاتنە ناو جیهانی کۆمپیوتەر و بەرنامەسازییەوە، کاتێک تەمەنم تەنیا 10 ساڵان بوو. بە بێ یاریکردن من نەدەگەشتمە ئەو شوێنەی ئەمڕۆ تێیدام".
یاری ماینکرافت یارییەکی ڤیدیۆییە، لەلایەن مارکوس پێرسۆنی سویدییەوە بەرهەم هێندراوە. یارییەکە رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە.
