كوێت بنكەی مووشەكی لە دژی ئێران دادەمەزرێنێت
ئاژانسی فارس، هەواڵێكی گۆڤاری جینز دیفنسی بەریتانیای بڵاو كردەوە كە كوێت دوو بنكەی هەڵدانی مووشەك لە جۆری پاتریۆت دادەمەزرێنێت و گەرای مووشەكەكان ڕوویان لە ئێران دەبێت. لەو ڕووەوە، گرووپی ئەندازیاریی سوپای ئەمەریكا داوای لە كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان كردووە بەشدار بن لە دروستكردنی هەردوو بنكەی مووشەكی لە ناوچەیەكی باشووری كوێت.
گۆڤارەكە ئەوەیشی باس كردووە كە، گەرای ئەو سەكۆ مووشەكیانە ڕوویان لە ئێران دەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ساڵانی دەیەی نەوەد، ڕووی مووشەكەكانی كوێت لە عێراق بوو.
جێی باسە، بنكەی مووشەكیی پاتریۆت لە توانایدایە بەرپەرچی هەر چەشنە هێرشی مووشەكی بالستی، كروز و هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی دوژمن بداتەوە. پاتریۆت لەلایەن كۆمپانیای ڕیتیۆن لە ئەمەریكا دروست دەكرێت و جگە لە ئەمەریكا، وڵاتانی ئەڵمانیا، یۆنان، ئیسڕائیل، ژاپۆن، هۆڵەندا، سعوودیا، میسر، ئوردن، ئیسپانیا و تایوان ئەو سیستمە مووشەكییە بەكار دێنن و هەروەها وڵاتی قەتەر ساڵی 2014 بە بڕی 7 ملیار دۆلار گرێبەستی كڕینی ئەو مووشەكەی واژۆ كردووە.
پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران لە مۆسكۆ ڕایگەیاندبوو كە، هیچ سنووردارییەك ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی مووشەكیی ئێران.
(حوسێن دهقان) وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، بڕوای وڵاتەكەی خستە ڕوو كە ناوچەكە لە بەردەم هەڕەشە و ناسەقامگیریدایە و وەك (دهقان، گوتی، ئەو هەنگاوەی ئێران بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە كردەوەیەكە كە لەلایەن ئەمەریكا، ئیسڕائیل و سعوودیاوە پاڵپشتی دەكرێت.
