نوێنەری سەرۆك بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا كۆ بوونەوە
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژی 26/4/2016، لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەلایەن نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (میخایل بۆگدانۆڤ) و جێگیری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشوازی كران.
شاندەكەی پارتی پێك هاتووە لە (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كە سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكات و، (عەبدولسەلام زێباری) و (د. خۆشەوی)ـیش، یاوەری سەرۆكی شاندن.
مەبەست لەم كۆبوونەوەیە، گەیاندنی هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەرێمی كوردستانە لەمەڕ ئەو ڕەوشەی كە ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت. سەرەتا (هەورامی) سڵاوی تایبەتی (سەرۆك بارزانی)ـی بە (بۆگدانۆڤد)ـدا گەیاندە سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمێر پۆتین). دواتر بە وردی پانۆڕامایەك لە دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ كێشە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەی خستە ڕوو.
سەرۆكی شاند، ستراتیژییەتی كوردی بۆ پرسە هەنووكەییەكان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا خستە ڕوو، كە لەناوبردنی تیرۆر لە ناوچەكەدا ئەولەوییەتی ستراتیژییەتەكەمانە و بۆ ئاییندەی ژیانی سیاسی و نەتەوەییمان دەگەڕێینەوە بۆ كوردستانیان و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە رێگای ریفراندۆمەوە لای ئەوانە، وەك چۆن بڕیاری خۆنەویستانەی پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ پاراستی مرۆڤایەتی و خاكەكەیان ئێستای كوردستانیان نیشانە كرد، هەروایش كوردستانیان ئاییندە نیشانە دەكەن.
دیوێكی دیكەی قسەكانی (هەورامی)، سوپاسگوزاری بوو بۆ ڕووسیا، سەبارەت بەو هاوكاریانەی كە پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە و، هیوای خواست بەردەوام بن لەو كارەیان.
لە كۆتاییدا هەردوولا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیایان ڕوانی و، كاركردنیش بۆ ڕێوشوێنی بەهێزتركردنی پەیوەندیی هەمەلایەنەی ڕووسیا و كوردستان، خرایە ڕوو.
