ئۆباما پلانی رزگارکردنەوەی رەققە رادەگەیەنێت
باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 26ـی نیسانی 2016 رایگەیاند، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش "گەورەترین هەڕەشەیە" بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، هەربۆیەو "ئێمە لە هەڵوێستەکانمان یەکگرتووین بۆ لە ناوبردنی".
باراک ئۆباما لە کۆبوونەوەکەدا، کە لەگەڵ ئەنگێڵا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا، فروانسوا ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا و دەڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ماتیۆ رینزیی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و لە میانەی بەشداریکردنیان لە پیشانگای پیشەسازیی هانۆڤەر لە باکووری ئەڵمانیا ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوەدا، کە رەزامەندیی لەسەر ناردنی 250 راوێژکار و سەرباز بۆ سووریاداوە بۆ مەشقکردن بە "هێزە ناوچەییەکان"، وەک ئاماژەیەک بۆ سوپای سووریای دیموکراتی، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرەکیترین هێزە تێیدا.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، کە ناردنی ئەو 250 سەرباز و راوێژکارە ئەمریکییە لە میانی پلانەکانە بۆ رزگارکردنەوەی شاری رەققە لەلایەن هێزە کوردی و عەرەبییەکان بە هاوبەشی.
رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە مانگی نیسانی 2013ـەوە شاری رەققەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داگیر کردووە و دوای داگیرکردنی چەند پارێزگایەکیش لە عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، شاری رەققەی وەک پایتەختی خەلافەتەکەی راگەیاند.
باسنیوز
