بۆ بەرێز ئەحمەد تورک، بارزانی بەم جۆرە دێتەوە سەرخەت

بۆ بەرێز ئەحمەد تورک، بارزانی بەم جۆرە دێتەوە سەرخەت
چاودێرێک:

پێدەچێت فشارەکانی وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندنی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە، بە جۆرێک بێت، ئەوانەی ئینکاریان لە رۆڵی باشووری کورستان لە ئاشتی تورکیا دەکرد و، پێیان وابوو بە شەڕ کۆتایی بە ھەموو شتێک دێنن، ئەمجارەش کەوتوونەتە پەلەقاژە بۆ باشووری کوردستان و، بە تایبەت مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەتا بەرێز ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستانیش لە میدیاکانەوە داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات، جارێکی تر داخلی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە، ببێتەوە و خۆی گوتەنی، بێتەوە سەرخەت.

ئەوەی شاراوە نییە، بەرێز تورک خۆی لە ھەموو کەس باشتر دەزانێت و دەتوانی شاھیدییش بدات، کە سەرۆک بارزانی چ رۆڵێکی کارا و راستگۆیانەی ھەبووە لە وەستاندنی ئەو ھەموو خوێنەی باکووری کوردستانی ھاڕی، چونکە خۆی لە نزیکەوە شاھیدێکی زۆربەی ئەو ھەوڵانە بووە کە بارزانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکووری کوردستان ناویەتی.

بە درێژایی 25 ساڵی رابردوو، سەرۆک بارزانی چ پێش سەرۆکایەتیی ھەرێم و چ لە پێگەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئاشتی و تەبایی باکووری کوردستان بووە، تا ئەو جێگایەی لە ھەر کوێیەک قسەیەکی خێر بۆ باکووری کوردستان کرابێت، یان بارزانی خۆی بووە یان بە ئاگاداری و راوێژی ئەو بووە.

بەڵام ئەوە پەکەکە بوو، لە کۆتاییی بەھاری پارەوە گڕی بەردایە خەرمانی پرۆسەی ئاشتی و، شۆڤێنییە تورکەکانی وروژاندن و بە ھەردوولایان، باکووری کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد.

بەلای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، ھیچ کات شەڕ خێری تێدا نەبووە و راشکاوانە بە پەکەکە و سیاسییەکانی باکووری گوتووە، پەنا بۆ شەڕ نەبرێت، چونکە شەڕ تەنھا بە ناچاری و بۆ خۆپاراستن دەبێت.

ئەو دەنگانەی داوای بەھاناوەھاتنی بارزانی بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکەن، بەتایبەتیش بەرێز ئەحمەد تورک دەبێت بزانن، بارزانی راشکاوە لە سیاسەتدا و ناچێتە ناو ھیچ پرۆسەیەکه‌وه‌ ئەگەر زەمینەسازی پێشوەختەی نەبێت و، چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشی لێ نەکرێت.

بە کورتییەکەی سەرۆک بۆ خێری کورد لە ھەرکوێ بێت ئامادەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو دەستانەی باکووری کوردستانیان بۆ خوێن و شەڕ گەڕاندەوە، مراجەعەیەکی عەقڵانەی خۆیان بکەن.
Top