ئێران داوای لە بەشار ئەسەد کردووە بنەماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ تاران

ئێران داوای لە بەشار ئەسەد کردووە بنەماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ تاران
مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعات ئێران ڕای گەیاند، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا، پێشنیاری پێکردووە بنەماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە (24.4.2016)، ئاژانسی فەرمیی "ئیلنا" لەزاری ئەلمەیادینی گواستووەتەوە کە قاسم سولەیمانی، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشار ئەسەد پێشنیاری پێکردووە کە تا دوای تەواوبوونی شەڕ و پێکدادانی سووریا بنەماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ ئێران.

بە گوێرەی زانیارییەکان بەشار ئەسەد ئەو داوایەی قاسم سولەیمانی رەت کردووەتەوە و لە وەڵامی فەرماندەی سوپای قودسدا گوتوویەتی: "ئێستاش خێزانی سەوری لەم وڵاتە ماون، کەواتە بنەماڵەی منیش لێرە دەمێننەوە".

مەحموود عەلەوی گوتی: "ئەگەر ئێمە لە عێراق و سووریا لەگەڵ تیرۆریزم شەڕ نەکەین، ئێستا سنوورەکانی رۆژئاوامان لەدەست تیرۆریستەکاندا دەبوو و ئێمەش بە تەوای لەشەڕدا دەبووین".

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران گوتیشی: "لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە تا ئێستا چەندین گرووپی تیرۆریستی هەوڵیان داوە دزە بکەنە خاكی ئێرانەوە، بەڵام ئێمە ڕووبوڕوویان بووینەتەوە".

عەلەوی ئەوەشی خستەڕوو کە ئێران بەردەوام یارمەتیی هاوپەیمانە سیاسییەکانی خۆی لە ناوچەکە دەدات و ئێستاش هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە زۆر بەهێز بوون و سەرکەوتنەکانیان ئەوەی سەڵماندووە.









باسنيوز

Top