ئەحمەد تورک: گەل داوا دەکات بارزانی وەک سەرۆکی کوردان ڕۆڵی خۆی ببینێت

 ئەحمەد تورک: گەل داوا دەکات بارزانی وەک سەرۆکی کوردان ڕۆڵی خۆی ببینێت
هاوسەرۆکی شارەوانیی مەزنی ماردین لە کوردستانی باکوور، داوای لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، دەستپێشخەری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لە کوردستانی باکوور بکات.

ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مەزنی ماردین، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، چارەنووسی کورد لە پارچەکانی کوردستان، بە یەکترەوە گرێ دراون. داواشی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لە کوردستانی باکوور و دەست پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، دەستپێشخەرییەک بکات. جەختیشی لەوە کردەوە: “پێویستە گفتوگۆ لە نێوان کوردان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کوردستان بەرفراوانتر بێت”.

ئەحمەد تورک جەختی لەوە کردەوە: “لە کوردستانی باکوور، لەناو گەلی کورددا، داواکارییەک لە بارزانی هەیە و هیوایان پێی هەیە، بۆ ئەوەی بارزانی وەک سەرۆکێکی کوردان، ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان ببینێت”. ئاماژەشی بەوە کرد، ئەگەر کوردانی کوردستانی باکوور سەرکوت بکرێن، ئەوا لە دوای ئەوان، کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش سەرکوت دەکرێن.

پێشتر (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە، دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا بکات. بۆ ئەمەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی بۆ هەوڵێکی لەم جۆرە دەربڕیوە.

هاوکات مونا قەهوەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: “ئەمریکا پێی خۆشە، بارزانی دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای کوردستانی باکوور و تورکیا بکات”.
Top