ساڵح موسلیم: نامانەوێ سوریا دابەش بکەین
رۆژی پێنجشەممە 21ـی نیسانی 2016، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، کە گرووپە تیرۆریستییەکان زۆرن و تەنیا ناویان جیایە، ”پێویستە تەواوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناو ببەین“.
ساڵح موسلیم، کە بە زمانی عەرەبی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، هەروەها رایگەیاند، کە رزگارکردنەوەی شاری رەققەی سوریا، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش وەک پایتەختی خۆی ناساندوویەتی، ”ئەرکی هێزە عەرەبەکانە“.
هاوسەرۆکی پەیەدە پێیوایە تورکیا و سعودیە داهاتووی سوریایان بەلاوە گرنگ نییە، ”ئەوان لە رێی حزبەکانی سەر بە خۆیان، دەیانەوێ حزبی بەعس بڕووخێنن و خۆیان بێنە سەر حوکم“.
رۆژی چوارشەممە 20ـی نیسان بەهۆی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تیمێکی پۆلیسی هاتوچۆی سەر بە کانتۆنی جزیرێ لە شاری قامیشلۆ، ئاسایشی رۆژئاوا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سوریا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و هەشت چەکداری سەر بە رژێم کوژران و دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون.
لە کاتێکدا شەڕی ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا و میلیشیای بەرگریی نیشتیمانیی سەر بە رژێمی سوریا فراوان بووە و ئەمڕۆش درێژەی هەیە، ساڵح موسلیم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا رایگەیاند، ”دامودەزگاکانی حکوومەتی سوریا خزمەت بە دانیشتووانی قامیشلۆ دەکەن“.
هاوسەرۆکی پەیەدە، کە حزبەکەی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لەو کوردستانی رۆژئاوا، دڵنیایی دەدات کە حزبەکەی و کانتۆنەکانی نایانەوێ خاکی سوریا دابەش بکەن و لە سوریا جیاببنەوە، ”تەنیا مافی گەلی خۆمان دەوێ“.
