لە پۆڵۆنیا پیشانگای تێکۆشانی پێشمەرگە کرایەوە

 لە پۆڵۆنیا پیشانگای تێکۆشانی پێشمەرگە کرایەوە
لە پۆڵۆنیا پیشانگایەکی وێنەیی دەربارەی تێکۆشانی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی كرایەوە کە
لە ژێرناونیشانی "پێشمەرگە لە ساڵانی شەستەوە تا ئەمڕۆ" کە تیایدا خەباتی پڕ لە قارەمانێتی پێشمەرگە پیشان دەدات.


لە میانەی کۆنفڕانسێکی ئەکادیمی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی "Open Europe, close Europe" کە لە لایەن کۆمەڵەیEuropaeum لە شاری کڕاکۆڤ ڕێکخرابوو، زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەو بۆنەیە پیشانگایەکی کردەوە لە ژێرناونیشانی "پێشمەرگە لە ساڵانی شەستەوە تا ئەمڕۆ" کە تیایدا خەباتی پڕ لە قارەمانێتی پێشمەرگە پیشان دەدات.

کۆمەڵەی ناوبرا و ١٠ زانکۆی هەرە گەورەی وڵاتانی ئەورووپا لە خۆ دەگرێت لە نێویان زانکۆی یاگێلۆنیانی پۆڵۆنیا. لە بۆنەکە هەموو میوان و بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە ئامادە بوون، سەرەتا نوێنەری زانکۆی ئۆکسفۆرد پاول فلاتەر Paul Flather بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، دواتر زیاد ڕەئوف وتارێکی پێشكەش کرد، تیایدا جەنگی دلێرانە و خەباتی پێشمەرگەی لە ساڵانی شەستەوە تا جەنگی دژی تیرۆریزم لەمڕۆ خستەڕوو. تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێشمەرگە هەر لە سەرەتای خەباتەوە بە دلێری و ئازایەتی بەناوبانگن و جەنگ لە هەلومەرجی قورسدا بەڕێوە دەبەن، ژنانیش لەو گۆڕەپانەدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن. زیاد ڕەئوف ئاماژەیشی دا کە دوای داگیرکارییەکانی تیرۆریسانی داعش و هێرشیان بۆ سەر کوردستان زۆر لە پێشمەرگە کۆنەکانی سەدەی ڕابردوو دەستیان دایەوە چەك و چوونە بەرەکانی جەنگ بۆ بەرگری لە نیشتمان.

هەر بە بۆنەی کردنەوەی پیشانگای فۆتۆگرافی، زیاد ڕەئوف بە دەرفەتی زانی ئامادەبووان ئاشنا بکات بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش و قەیرانی مرۆیی و دارایی.

بە گەڕانەوە بۆ سەر بابەتی سەرەکی کۆنفڕانسەکە کە ئایا ئەورووپا پێویستە دەرگاکانی بە کراوەیی جێ بهێڵێت بۆ هاتنی ئاوارەکان، زیاد ڕەئوف بانگەوازی هاوکاری کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ کۆمەكکردنی ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە. نوێنەری حکوومەت سەرەنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا کە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بەر لە هەموو شتێك دەخوازن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لەوەوە هاوکاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە لە دژی داعش و هاوکاری مرۆیی بۆ حکومەتی هەرێم دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و ڕێگای هەندەران بۆ ئەوڕوپا نەگرنە بەر.

دوای کردنەوەی پیشانگاکە زیاد ڕەئوف میوانەکانی بانگهێشتی خوانێکی ئێوارە کرد کە بەهاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی ASPIRE ڕێکیان خستبوو کە گەورەترین ڕێکخراوی بازرگانی ئەوڕوپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتە و ئامانجی قایم کردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیاکانە لە زۆر وڵاتانی جیاواز.
شایانی باسە وێنەی کۆکراوەی پیشانگاکە دەگەڕێنەوە بۆ خێزانی فەڕەنسی دۆستی کورد کە بەنازناوی خوازراوی کریس کوتچیرا Chris Kutschera بڵاوی دەکەنەوە و هەروەها فۆتۆگرافەری کورد نیعمەت شەهاب.
Top