دۆناڵد ترامپ: رژێمی ئێران لە 25 وڵات كاری تيرۆریستی ئەنجام داوە
دۆناڵد ترامپ پاڵێوراوی حزبی كۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرەك كۆماری ئەمریكا، لە وتارێكدا لە كۆمیتەی پێوەندیيە گشتيیەكانی ئەمریكا- ئیسرائیل (ئایپك) رایگەیاند: رژێمی ئێران لە 25 وڵات لە پێنج قارەی جیهان كردەوەی تيرۆریستی ئەنجام داوە.
بڵاوكراوەی ئەمریكایی پلیتی فكت لە بارەی ئەو وتانەی ترامپ كە لەو كۆبوونەوەدا دژ بە رژێمی ئێران هەڵوێستی گرتبوو، لە سەر زاری ترامپ نووسيويەتی: ئێران گرووپی تيرۆریستی لە سەرانسەری جیهان دامەزراندووە و لەم پێنج ساڵەی دواییدا لە 25 وڵاتی جیاواز كردەوەی تيرۆریستی ئەنجام داوە. ئەوان لە هەموو شوێنێك تاقمی تيرۆریستیان هەیە، بەتایبەت لە رۆژئاوا، كە زۆر نزیكە لە وڵاتی ئێمە. ناوبراو هەروەها رژێمی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی تيرۆریزم لە جیهاندا ناوبرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە دەبێ رێگە نەدرێ ئەو رژێمە بە ئامانجەكانی بگا. ئەو رۆژنامەیە ئاماژە بە سەرچاوەی وتەكانی دۆناڵد ترامپ دەكا و دەنووسێ: سەفارەتی ئیسرائیل لە واشینگتۆن و لە خاكەلێوەی ساڵی رابردوو، راپۆرتێكی لەگەڵ نەقشەیەكی جیهان بڵاوكردەوە كە چالاكی سەربازی رژێمی ئێران و تاقم و گرووپە تيرۆریستەكانی نیشان دەدا. هاوكات لەگەڵ بڵاوكراوەی سەفارەتی ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە راپۆرتێكدا ئیشارە بە چالاكيیە تيرۆریستیەكانی رژێمی ئێران لە غەزە، لوبنان و باقی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكا. لەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە كە ئەگەر چیی رژێمی ئێران بە زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و سووریا چالاكی هەیە، بەڵام رژێمی ئێران و تاقمە تيرۆریستەكانی نزیكی لە هەوڵەكانیان بۆ پەرەپێدانی هێژموونيیان لە ئافریقا، ئاسیا و ئەمریكای لاتین بەردەوامن.
