تۆمەتباری سێیەمی تەقینەوەکانی برۆکسل دەستگیرکرا

 تۆمەتباری سێیەمی تەقینەوەکانی برۆکسل دەستگیرکرا
نەجیم ئەلعەشراوی سێیەم کەس لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی برۆکسل لە برۆکسل دەستگیرکرا.

ماڵپەڕی لا دێغنیێغ ئۆغ-ی بەلجیکی لە سەرچاوەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکردنی نەجیم ئەلعەشراوی-ی راگەیاند . پۆلیسی ئەو وڵاتە راستەوخۆ هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام رایگەیاند دوای کەمێکی دیکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەکەن.

ئەلعەشراوی لە ڤیدیۆیەکی کامێرای چاودێری بە چاکەتێکی سپی و کڵاوێکەوە دەردەکەوێت کاتێک لەگەڵ دوو هێرشکەرەکەی دیکەدا شتومەکەکانیان لە فڕۆکەخانە پاڵدەنێن و، بڕواش وایە ئەو تاکە تۆمەتباری هێرشەکانی رۆژی سێشەممەی برۆکسلە کە بە دەستگیرنەکراوی مابووەوە.

DNA ئەو لەسەر تەقەمەنییەکانی پاریسیش دۆزراونەتەوە

پێدەچێت نەجیم دەستی لە تەقینەوەکانی پاریسیشدا هەبووبێت و بەپێی میدیا فەرەنسی و بەلجیکییەکان" DNA-ی نەجیم لەسەر ئەو ماددە تەقینەرانە دۆزراونەتەوە کە لە هێرشەکانی شەوی 13-ی نۆڤەمبەری پاریس بەکارهاتوون و بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 کەس".

نەجیم ئەلعەشراوی لە مانگی 2-2013 لە سووریاوە گەڕاوەتەوە و، لەوەتەی مانگی دیسەمبەریشەوە پۆلیس بە شوێنییەوەن. ئەو توانیبووی بە بەکارهێنانی ناوێکی خوازراو ( سوفیان کەیال) سنوورەکان ببڕێت.

سێیەم ئەنجامدەری تەقینەوەکانی برۆکسل لەدایکبووی 18-5-1991 لە برۆکسل و لە یەکەمەکانی ئەو کەسانەیە" چووەتە جیهاد" لە سووریا، لەوێش ناوی لەخۆی ناوە ئەبو ئیدریس.
Top