کلینتۆن: سەرکردەکانی دونیا پشتیوانیم دەکەن، ترسیان لە ترامپە

 	 کلینتۆن: سەرکردەکانی دونیا پشتیوانیم دەکەن، ترسیان لە ترامپە
کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا(هیلاری کلینتۆن) ڕایگەیاند، "کەمێک پشتیوانییم لە سەرکردەکانی دونیادا بە دەست هێناوە."


(کلینتۆن) کە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتەکان کاندید کراوە و وەزیری پێشووی ئەمەریکایش بووە، لە چوارچێوەی بانگەشەکانیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، دوێنێ یەکشەممە بە هەوادارانی ڕاگەیاند، ئەو سەرکردانەی دونیا لەو کاندیدەی کۆمارییەکان(دۆناڵد ترامپ) ترسیان هەیە، نەوەکا بگاتە کورسیی دەستەڵات، بە تایبەت سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا(ماتیۆ ڕینتسی).


ڕوونی کردەوە، "لێدوانەکانی (ترامپ) ئەوانی تۆقاندووە، هەرلەبەر ئەوەیە کە پشتیوانیی من دەکەن"؛ (هیلاری) باوەڕیشی وایە کە ئەو تەنیا سیاسییە بتوانێ بەر بە سەرکەوتنەکانی بگرێ. هەروەها گوتی، "٢٥ سال دەبێ من لە کایەی سیاسییدا کار دەکەم."


پێشتریش سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا(مارتن شوڵتز) رایگەیاندبوو، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکیەتیی ئەورووپا ئەو ئامادەییەی نییە، سەرمایەدارە ئەمەریکاییەکە(ترامپ) سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بگرێتە دەست.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕوونی کردەوە، "(ترامپ) سەربە توێژێکە کە ئێمەیش لە ئەورووپا دەیانناسین و، خەڵکێکی کردەنی نین.
Top