سەرۆکی ڕووسیا لەسەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە سەرەخۆشی لە حکوومەتی تورکیا ناکات

سەرۆکی ڕووسیا لەسەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە سەرەخۆشی لە حکوومەتی تورکیا ناکات
دوای تەقینەوەکەی چەند سەعاتی ڕابردووی شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ”ڤلادیمێر پوتین“ی سەرۆکی ڕووسیا، سەرەخۆیی لە کەسوکاری قوربانییان کرد، بەڵام نیگەرانیی خۆی بە حکوومەتی تورکیا ڕانەگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لەسەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەست دا و 75ی دیکەش بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد.



پوتین ئیدانەی ئەو تەقینەوەیە دەکات و دەڵێت: ”ئەوانەی ئەو کردەوەیان ئەنجام داوە، لە دەرەوەی بەھای مرۆڤایەتین، ئازارەکانی ئێوە ئازاری ئێمەیە و بە ھەموو شێوەیەک خەمەکانتان لەگەڵدا بەش دەکەین“. هاوکات هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خەڵکی تورکیا و کەسوکاری قوربانییان کردووە.



ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە بەیاننامەکەدا بە ھیچ شێوەیەک سەرۆکی ڕووسیا پرسە و سەرەخۆشی لە دەوڵەتی تورکیا یان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا نەکراوە، کە بەپێی ئەتەکێتی دیپلۆماسی، سەرکردەکان لەم حاڵەتانەدا سەرەخۆشی لە یەکتر دەکەن.







باسنیوز
Top