بەرپرسێکی رووسی : چۆن یارمەتی ئەسەد دەدەین ئاواش یارمەتی یەپەگە دەدەین

بەرپرسێکی رووسی : چۆن یارمەتی ئەسەد دەدەین ئاواش یارمەتی یەپەگە دەدەین
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی شەڕی سووریا دەبێتە شەڕێکی نێودەوڵەتی. ئەمە دەرئەنجامی دوا راپۆرتی ئەو لیژنە تایبەتەی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی مرۆیی سووریا. بەرپرسێکی رووسیش دەڵێت چۆن یارمەتی ئەسەد دەدەن ئاواش یارمەتی یەپەگە دەدەن.

پاولۆ سێرگیۆ پینێرۆ، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا راگەیاند"لە سووریا تەنانەت یەک لایەنیش نییە لە شەڕەکاندا رێز "لە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بگرێت.

هەر لەهەمان رۆژدا لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە سووریا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب پشتڕاستکردەوە. بڕیارە لیژنەکە لە ماوەی کەمتر لە 6 مانگدا بەفەرمی ناوی ئەو لایەن و کەسایەتيیانە رابگەیێنێت کە لە سووریا چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە.

ڤێرجینیا گامبا، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی چەکی کیمیایی لە سووریا رایگەیاند "من دەمەوێت ئەو تاک و گرووپ و حکومەتانەی لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بیر لە بردنەوەی شەڕەکە دەکەنەوە، ئەوە باش بزانن کە کردەوەکانیان ئاشکرا دەکرێن و لە داهاتوودا موحاسەبە دەکرێن".

لێکۆڵینەوەکانی چەکی کیمیایی لە سووریا زۆر خێراتر بەڕێوەدەچن بەراورد لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوانەی دەربارەی بەکارهێنانی ماددەی غەردەل لەلایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێن.

ڤیتیت مونتاربۆرن، ئەندامی لێژنەی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە تازە دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی دیکە کردووە دەربارەی بەکارهێنانی کلۆرین و گازی غەردەل لە سووریا".

لەم ماوەیەدا لە هەموو کاتێک زیاتر وڵاتانی بەژداربووی شەڕی سووریا بابەتی چەکی کیمیایی و پێشێڵکارییەکانی وەکو کارتی فشار لە دژی یەکدی بەکاردەهێنن.

لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تورکیا بێ رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یاخود هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش هیچ هێزێکی زەمینی یاخود سەربازی بۆ سووریا نانێرێت. ئەمەش نیشانەیەکی روونە کە ئەنقەرە تاوەکو ئێستا دوودڵە لە ناردنی هێزی زەمینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی یەپەگە.

هەروەها ڤلادیمیر سافرۆنۆڤ، جێگری نێردراوی بەردەوامی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا رووسیا چۆن هاوکاری سوپای سووریا دەکات، بەهەمانشێوە هاوکاری چەکدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG دەکات.




رووداو
Top