بەشار ئەلئەسەد: پەنابەران دەتوانن بگەڕێنەوە خاکی سووریا

بەشار ئەلئەسەد: پەنابەران دەتوانن بگەڕێنەوە خاکی سووریا
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، پەنابەران کە دەربەدەری وڵاتانی دەرەوە بوون، دەتوانن بگەڕێنەوە خاکی سووریا.

ئەسەد لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئیسپانی بەناوی " ئێل پایس" رایگەیاند، پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی بینای مافی خۆیانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و حکومەتیش هیچ رێوشوێنێکی تووندیان بەرامبەر ناگرێتەبەر.

ئەسەد خۆی لەو راستییە نەشاردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە سوورییەکان ئاوارەی وڵاتانی بیانی بوون، بەڵام گوتی” ئەوانەی هەڵاتوون بەهۆی تێکچوونی باروگوزەرانی ژیانیانەوە بووە، نەک لە ترسی رژێمی ئەسەد."

بەشار ئەسەد لەبارەی گەمارۆکانی سەر سووریا گوتی “ ئەوروپا پێویستە گەمارۆکانی سەر خەڵکی سووریا هەڵبگرن، چونکە ئەوان گامارۆیان نەخستووەتە سەر حکومەتی سووریا، بەڵکو خستوویانەتە سەر خەڵکەکەی”.

ئەسەد سەبارەت بە تورکیا گوتی “پێویستە تورکیا بووەستێت لە ناردنی تیرۆرستان بۆ سووریا.”

ئەسەد لە هەڤپەیڤینەکەدا گوتیشی “ دەبێت ئێمە وەک حکومەت شەڕی تیرۆر بکەین، هەوڵبدەین بە هەر رێگایەک بێت بەردەوامی بە جوڵانەوەی ژیان لە سووریا بدەین، چونکە بەم شێوەیە خەڵکی سووریا دەتوانن لە وڵاتەکەیاندا درێژە بە ژیان بدەن".

دوای مانگێکی دیکە، 5 ساڵ بەسەر ئەو خۆپیشاندانە تێدەپەڕێت کە سووریای بەرەو شەڕی نێوخۆیی و قەیرانێکی لە بن نەهاتوو برد. ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەیەوێت لە رێگەی ئەو هەڤپەیڤینەوە بە جیهان بڵێت، ئێوە هەموو شتێکان کرد، بەڵام من هەر لە سەر پێی خۆم وەستاوم، ئەگەر دەشتانەوێت قەیرانەکانی سووریا چارەسەربکەن ئەوا بەر لە هەموو شتێک دەبێت بگەڕێنەوە بۆلای من.









روداو
Top