ئەمریکا یەکەمین فرۆشیاری چەکە لە جیهاندا

 ئەمریکا یەکەمین فرۆشیاری چەکە لە جیهاندا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە فرۆشتنی چەکدا جیاوازی لەگەڵ رکابەرەکانی فراوانتر دەکات و کۆنترۆڵی بازاڕی فرۆشتنی چەکی لە جیهاندا کردووە.

دەزگای ئاشتی بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد راپۆرتێکی لەماوەی 5 ساڵدا لە نێوان ساڵانی 2011 و 2015 بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت، تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش رکابەرەکانیەوە دێت لە فرۆشتنی چەک و ئاستی کۆنترۆڵکردنەوەی بازاڕەکەشی بەرزتر کردووەتەوە.

لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010 ئەمریکا 29%-ی چەکی جیهانی فرۆشتووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2015 رێژەکە بۆ 33% بەرزبووەتەوە.

رووسیا لە پلەی دووەم دێت، کە 25%ی هەناردەی چەک لە جیهاندا دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەهۆی کێشەی ئۆکراینا گەمارۆی ئابووریشی خراوەتە سەر، بەڵام رێژەی فرۆشتی چەکی رووسیا زیادیکردووە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت کڕیارانی چەکی ئەمریکی هەمە جۆرن، بەڵام رووسیا لە فرۆشتنی چەک بە هیندستان پێش ئەمریکا کەوتووە.

هاوکات چین لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015 پێش فەرەنسا و ئەڵمانیا کەوتووە، کە 5.9% چەکی هەناردەکراوی بۆ بازاڕەکانی جیهان دابینکردووە. فەرەنسا لە پلەی چوارەم دێت بە 5.6% و ئەڵمانیا-ش بە 4.7% پلەی پێنجەمی گرتووە.

کۆمپانیاکانی چەکی فەرەنسی و ئەڵمانیا بە دەست کەمبوونەوەی خواستی وڵاتانی ئەوروپی لەسەر چەکەکانیان دەناڵێنن، بەتایبەتی زۆربەی ئەو وڵاتانە، سیاسەتی دەستپێوەگرتن و سکهەڵگوشینیان پیادە کردووە.

لەسەر ئاستی کڕیارانی چەک-یش، وڵاتی هیندستان هەر لە پلەی یەکەمی جیهان ماوەتەوە، کە کڕیاری 14%-ی چەکی جیهانە.














رووداو
Top