رووحانی رەخنە لە پاسداران دەگرێت

رووحانی رەخنە لە پاسداران دەگرێت

سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی، رەخنەی لە سوپای پاسداران گرت و بە گەندەڵی تۆمەتباری كردن و گوتی: "ھەندێك ناوەندی بەھێز كە دەستیان بەسەر ھەموو ئێراندا گرتووە، ھۆكاری سەرەكی گەندەڵین".

رووحانی، لە رێورەسمی كردنەوەی 138 پرۆژەی گەورەی پارێزگاكانی ئێران رایگەیاند: "پێویستە كۆتایی بە پاوانخوازی بێت"، كە بە گوێرەی رای چاودێران مەبەستی لێی پاوانخوازییەكانی بەرپرسانی سوپای پاسدارانە.

گوتیشی: "ناوەندێك لە ئێران ھەیە، دەستیان بەسەر ھەموو كایە بازرگانییەكانی ئێراندا گرتووە و تەنانەت قاچاغچییەتی دەكات و گەندەڵییەكی گەورەی خستووەتە ناو ئابووری ئێرانەوە".

ھەرچەندە رووحانی ناوی ئەو ناوەندەی نەھێناوە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە پێشتریش سەرۆك كۆماری ئێران رەخنەی لە سیاسەتە ئابوورییەكانی سوپای پاسداران گرتووە و بە گوتەی چاودێران رەخنەكانی ئەمجارەشی روو بە سوپای پاسداران بووە.

سوپای پاسدارانی ئێران سەرەتا لە شێوەی ملیشیا دامەزرا، دواتر جێگەی سوپای فەرمی ئێرانی گرتەوە و ئێستاش لە لایەن بەرپرسە باڵاكانی باڵی پارێزگارانی ئێرانەوە سەركردایەتی دەكرێت.
















K24
Top