پەرلەمانی فەرەنسا رەگەزنامە لە "تیرۆرستان" دەستێنێتەوە

 پەرلەمانی فەرەنسا رەگەزنامە لە
پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەنگیان لەسەر چاکسازییەکی حکومەت دا کە بەهۆیەوە بەپێی دەستووری وڵات دەتوانرێت رەگەزنامە لە " تیرۆرستان " بستێندرێتەوە.

ئەو چاکسازییە نوێیەی حکومەتی فەرەنسا لەدوای هێرشەکانی سەر پاریس لە مانگی 11/2015 دا کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 130 کەس کوژران، گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەکرا. ئێوارەی سێشەممە 9/2/2016، 162 پەرلەمانتار دەنگیان بە پڕۆژەکە دا و لەبەرامبەردا 148 پەرلەمانتار دژی وەستانەوە.

بەپێی حکومەتی فەرەنسا، سەندنەوەی رەگەزنامە دەبێتە تەواوکەری ئەو سزایەی دادوەر بڕیاری پێ لەسەر کەسێک دەدات و دەکرێت لەم بارانەدا بڕیارەکە بدرێت: لە حاڵەتێکدا کە کەسێک زیان بە بەرژەوەندی میللەت بگەیەنێت، یان تاوانی تیرۆرستی ئەنجامدابێت، هەروەها ئەگەر کەسێک تاوانێکی پەیوەندیداری بە تیرۆر ئەنجامدابێت و، بە زیاتر لە 10 ساڵ زیندانی سزابدرێت، ئەوکاتە دادوەر دەتوانێت بڕیار لەسەر لێسەندنەوەی رەگەزنامەکەی بدات.

دادوەر دەتوانێت لە جێگەی لێسەندنەوەی رەگەزنامە بڕیارێکی دیکە دەربکات ئەویش " لێسەندنەوەی ئەو مافانەیە کە پەیوەندییان بە رەگەزنامە هەیە، بۆنموونە: مافی دەنگدان، مافی خۆپاڵاوتن یان مافی بوونە خاوەن پیشەکەی گشتی".

سیاسییەکان لەبارەی ئەو پرسە لە فەرنسا ببوونە دووبەش هەر لەبەر هەمان هۆکاریش لە مانگی 1/2016 وەزیری دادی فەرەنسا دەستی لەکارکێشایەوە. کریستیان تۆبێرا وەزیری پێشووی دادی فەرەنسا زۆرجار بەئاشکرا و لە میدیاکاندا باسی لەوە کردبوو کە ئەو لە دژی لێسەندنەوەی رەگەزنامەیە و، هەر ئەمەش هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بوو.











رووداو
Top