حیزبوڵڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی بەهێز لە وڵاتانی عەرەبی دەکات
کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا دەربارەی ئامادەیی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ شەڕی داعش رایگەیاندووە "دەسەڵاتدارانی عەرەب بۆ جێبەجێکردنی پلانە گڵاوەکانیان داعشیان لە عێراق و سووریا تاقیکردەوە، بەڵام پلانەکانیان شكستیان خوارد".
لە راگەیێنداراوەکەدا هاتووە "داوا لە خانەوادەی سعود و ئەو دەسەڵاتدارانە دەکەین کە لەپشت ئەوانەوەن، خۆیان نەخەنە بەردەم مەترسی و دواتریش پاشگەز ببنەوە".
کەتائیبی حیزبوڵڵا كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی و لەلایەن مەهدی موهەندیس سەرپەرشتی دەكرێت، بەشێك لە چەكدارەكانی بۆ پاڵپشتیكردنی بەشار ئەسەد ناردوونەتە سووریا، لە راگەیێنداوەکەدا راشیگەیاندووە "دەرگای دۆزەخ لەبەردەم ئەو هێزە عەرەبییانەدا دەکەینەوە کە بۆ عێراق و سووریا دەنێردرێن".
دوای سعودیە، ئیماراتیش ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ سووریا دەربڕی. ئەنوەر قرقاش، وەزیری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو "راگەیاند "ئیمارات لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئامادەیە هێزی زەمینی رەوانەی سووریا بکات.
رووداو
