پەرلەمانی جەزائیر لەسەر داوای بوتەفلیقە هەموارکردنەوەی دەستووری پەسندکرد
پەرلەمان جەزائیر بەکۆی دەنگ پرۆژەی هەموارکردنەوەی دەستووری ساڵی 2008ی پەسەندکرد.
لەدوای خستنەڕووی رەشنووسی پرۆژەی هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە بڕگەکانی دەستوور لەلایەن عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆککۆماری جەزائیر، پەرلەمان ئەو وڵاتە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەی هەموارکردنی ماددەکانی دەستوور کۆبووەوە و، بەکۆی دەنگ پرۆژەكەی پەسندکرد.
پرۆژەی هەموارکردنەکە، 67 ماددەی دەستوور و، 4 ماددەی نوێ و، 23 ماددەی دیکەشی زیادکردووە.
پرۆژەکە راستەوخۆ لەلایەن بوتەفلیقەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە کە دەبوایە بەپێی ماددەی 174 لە دەستوور بخرایە دەنگدانی گشتییەوە، ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش رەخنە لەو هەنگاوەی سەرۆککۆمار دەگرن و، ئاشکرایانکردووە، پارتەکانی سەر بە دەسەڵات کەخۆیان لە بەرەی رزگارکردنی نیشتیمانی و کۆمەڵەی دیموکراتی نیشتیمانی دەبینێتەوە، زۆرینەی هەردوو ژووری پەرلەمانی جەزائیر پێکدێنن، کە هاودەنگن لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان.
بەپێی دەستووری پەسندکراو، ویلایەتی سەرۆککۆمار بە 2 ویلایەت دیاریکراوە کە هەر ویلایەتێکیان بە 5 ساڵ دەستنیشانکراوە و، هاوكات دەسەڵاتی سەرۆککۆمار فراوانتر كراون.
هەروەها بەپێی دەستووری پەسندکراو، هەڵگری دوو رەگەزنامە مافی وەرگرتنی پۆستی سیادییان نییە.
رووداو
