یونسێف: یەک لەسەر سێی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە یۆنان منداڵن
بەپێی رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەم جارە لەوەتەی دروستبوونی قەیرانی کۆچبەرانەوە لە ئەوروپا، ژمارەی منداڵ و ژن لە ژمارەی ئەو پیاوانە زیاترە کە لە یۆنانەوە سنووریان بڕیوە بەرەو مەقدۆنیا.
کۆچکردنی ئەو کۆچبەرانە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە ئەوروپا رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی کۆچبەران بووەتەوە لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە .
سارا کرۆو، گوتەبێژی یونسێف دەڵێ " ئێستا بە رێژەی لەسەتا 36-ی ئەو کۆچبەرانەی دەریا ترسناکەکەی ئیجە دەبڕن بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بگەنە یۆنان، منداڵن".
ئاماژەی بەوەش دا" رێژەی لەسەتا 60-ی ئەوانەش کە سنووری مەقدۆنیا دەبڕن، ژن و منداڵن".
ئەم ژمارەیە زۆر گۆڕاوە بەراورد بە مانگی 6/2015 کاتێک 73%-ی کۆچبەران پیاو بوون و، تەنیا یەک لەسەر 10-یان تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵیدا بوو.
ماری پیێر پواریێ، هەماهەنگیکاری تایبەتی یونسێف بۆ قەیرانی کۆچبەر و پەنابەران لە ئەوروپا دەڵێ " منداڵان و ژنان زیاتر رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە کاتێک هەوڵدەدەن بگەنە ئەوروپا".
بەپێی گوتەکانی ماری پیێر " ژمارەیەکی زیاتری ژنان و منداڵان لە مەترسیدان لە دەریا، بەتایبەتی ئێستا کە وەرزی زستانە و، ئەوان پێویستی زیاتریان بە پارێزگاریکردنە لە سەر زەویش".
رێکخراوی جیهانی پەنابەران رۆژی سێشەممە رایگەیاندوە کە یەک لەسەر پێنجی ئەو کۆچبەرانەی مانگی رابردوو لە ئاوی ئیجەدا خنکاون، منداڵ بوونە و، ئەوانەش کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتربووە رێژەی لەسەتا 60 ئەو 272 کۆچبەرەیان پێکهێناوە کە لەمانگی رابردوودا لە ئاوی دەریای ئیجە خنکاون.
رووداو
