دی مستۆرا بەجیا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن کۆدەبێتەوە
سەرەتا دی مستۆرا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ شاندی ئۆپۆزیسیۆن، بۆئەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی سووریا بدۆزنەوە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 31/1/2016 نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کاژێر 10:00 ی رۆژی دووشەممە بەکاتی گرینێچ ( کاژێر 13:00 بەکاتی هەولێر)، دی مستۆرا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە، کە پێشتریش و لە رۆژی هەینی رابردوو لەگەڵیاندا کۆبووەوە.
دی مستۆرا دەیەوێت گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن دروست بکات، کە لەوانەیە ماوەی چەند مانگێک بخایەنێت و ئەو ماوەیەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی راگواستن و دەبێت لە نیوەی 2017 دا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
ریاز و ئەنقەرە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رادەگەیەنن
رۆژی یەکشەممە سعودیە و تورکیا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا راگەیاند کە لە گفتوگۆکانی جنێڤ بەشدارن و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی وڵاتەکەیان.
عادل ئەلجوبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەستبووی، رایگەیاند " شانشینی سعودیە و تورکیا بەیەکەوە لە هەموو روویێکەوە هاوکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن و یەک هەڵوێستمان هەیە بۆ هاریکاریکردنی سوورییەکان جا لەرێگەی کارکردنی راستەوخۆ بێت، یان بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو گرووپی ڤییەنا و ئەو کۆبوونەوانەی لە نیویۆرک کران".
چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند " پاڵپشتی لە داواکان بۆ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی دەکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا، هەروەها گوتی " رێزمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی تورکیا سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و، پاڵپشتی تورکیا دەکەین لەوەی مافی خۆیەتی بەهەرجۆرێک کە پێی گونجاوە بەرگری لە خاکی خۆی بکات".
رووداو
