"هەوڵ دەدەین لە بانکی ناوەندیی یەکێتیی ئەورووپاوە کۆمەکی هەرێم بکەین"
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێشوازی لە کۆستەنینێۆس ڤارداکیس هەڵسووڕێنەری کاروباری نێردەی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق و پاتریک گەیسن بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریان کرد کە پێک هاتبوو لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێم و باس لە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و پیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، هەڵسوڕێنەری کاروباری نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەڕبڕی و مەبەستی سەردانەکەی بۆ هەرێم روونکردەوە کە ئاگاداربوونە لە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان.
شاندی یەکێتی ئەورووپا ستایشی قارەمانییەتی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیان دژی تیرۆریستانی داعش و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمیان بەرز نرخاند بۆ باشکردنی ڕەوشی ئابووری هەرێم و پەرۆشی خۆیان نیشان دا بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لەبواری بوژانەوەی کەرتی ئابووری و چەسپاندنی بنەمای دیموکراسی و پیشخستنی دام و دەزگاکانی حکوومەت. هەروا ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. هاوکات دەستخۆشیان لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی ملوێنێکو٨٠٠هەزار ئاوارە و پەنابەر و نیشتەجێکردنیان لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە قەیرانی ئابووری شاندی ئەورووپا جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم پرسە بە هاوکاری وڵاتی یەکێتی ئەوروپا و بانکی ناوەندی یەکێتی ئەورووپا کە ئێستا هەرێم تووشی بووە چارەسەر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە ئامادەیی بانکی ناوەندی یەکێتی ئەوروپای خستەڕوو بۆ ئەوەی یارمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ بوژاندنەوەی گوزەران و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت ئەم هەنگاوەی جێگری نیردەی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق و ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپای بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ تۆکمەترکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی. بەڕێزیان ئاماژەی بە دروستبوونی قەیرانی دارایی هەرێم کرد کە ئەویش بە هۆی شەڕی درێژخایەن لەگەڵ تیرۆرستانی داعش و بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر و بڕینی بوودجە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵ و دابەزینی نرخی نەوتە لە بازارەکانی جیهان.
لەم بارەوە داوای کۆمەکی دارایی و پشتیوانی سەربازی کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە ئیستا لە شەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. لەم ڕووەوە بەڕێزیان گوتی سوپاسی هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا دەکەین کە هەمیشە پشتیوانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئیمە وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە سەیریان دەکەین. هیوادارین لەم بارودۆخە دژوارەدا بتوانن پشتگیری زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن لەو بوارانەی هەرێمی کوردستان پیویستی پێیەتی.
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە بانگهێشنامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ گشت لایەنەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە ناوخۆییەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای ئابووری هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چاکسازی لەلایەن حکوومەتی هەرێم.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و هەوڵەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەرەکانی حکوومەت نیشاندا و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد. لەم بارەیەوە بەڕێزیان ئامادەیی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپای خستە ڕوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشەکان. هاوکات ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی دارایی و مرۆیی بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان.
لە کۆتاییدا، هەردوو لا ڕێک کەوتن لەسەر دانانی میکانیزمێکی گونجاو لە تێپەراندنی ئەم دۆخە ئابوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ بووژانەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
