چیک 6500 چەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
ئەمڕۆ دووشەممە حکومەتی چیک کۆدەبێتەوە و ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە تاوتوێدەکات.
بەپێی زانیاری میدیاکانی چیک " حکومەتی چیک بەوردی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە تاوتوێدەکات و بڕیار لەسەر ناردنی 6500 چەکی نوێ و بەکارهاتوو دەدات، هاوکات بڕیاریشە ملیۆنان گولـلە بنێرێت".
پلانی ناردنی چەک و هاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە، رۆژی چوارشەممە، لەلایەن مارتن ستۆپنیکی وەزیری بەرگریی چیک بڕیاری لەسەر دراو ئەمڕۆش حکومەت دوا بڕیاری خۆی دەدات.
پێشتر کۆماری چیک ملیۆنان گولـلە و چەکی رەشاشی بۆ پێشمەرگە ناردووە، هەروەها پێشمەرگە 5 هەزار نارنجۆک و 5 هەزار ئار پی جی و چەکی دیکەی لە کۆماری چیک وەرگرتووە.
پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان سەرکردایەتی کورد و بەرپرسانی کۆماری چێک هەیە. چەکی بڕنو کە لە بەشێکی شۆرشەکانی باشووری کوردستاندا بەکارهاتووە، چیکییە. بەرپرسانی چیک لە سەردەمی سەدام حوسێندا، چەکیان داوەتە پێشمەرگە و لە شەڕی داعشیشدا، بەبی گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق، چەکیان رادەستی هەرێمی کوردستان کردووە.
مەسعود بارزانی، یەکەمجار لە مێژووی ئەوروپادا لە کۆشکی سەرۆکایەتی چیک، وەک سەرۆک پێشوازی لیکرا و بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە زۆربەی سەردانەکانیان بۆ ئەوروپا، سەردانی چیکیان کردووە.
رووداو
