له کەنەدا هێرش کرایە سەر قوتابخانەیەک و پێنج کەس کوژران

له کەنەدا هێرش کرایە سەر قوتابخانەیەک و پێنج کەس کوژران
لە پارێزگای ساسکاچیوانی ڕۆژئاوای کەنەدا چەکدارێک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

جەستن تریدۆو سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشە چەکداریەکە بۆسەر قوتابخانەکە پێنج هاوڵاتی کوژراون و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە ڕووداوەکە لە قوتابخانەی "لا لۆچی" ڕوویداوە و گومان لێکراوێکیش ئێستا لەلایەن پۆلیسی کەنەداوە لەژێر چاودێریدایە و خوێندکارەکانیش گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام.

کەیڤن جانڤیەر سەرۆکی شارەوانی لالۆ چی وتی "ماری کچی یەکێکە لە قوربانیانی هێرشەکە کە لەو قوتابخانەیەدا وەک مامۆستا وانەی وتووەتەوە."

پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاند ئەو کەسەی هەستاوە بە ئەنجامدانی هێرشەکە، سەرەتا لە ماڵەوە تەقەی لە خوشک و براکانی کردووە پاشانیش هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەکە.
Top